کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا، ٤٤ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە مەریوان رووی داوە

15:15 - 31 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: بە سووتانی سروشتی دەوروبەری گوندی نشکاش لە مەریوان، ٤٤مین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە مەریوان و سەوڵاوا لە ساڵی ٩٣ رووی دا.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دارستانەکانی گوندی \'\'نشکاش\'\' سەربە ناوچەی مەریوان رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٩ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەلایەن کەس، یان کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگری تێبەر درا و سووتا.

ئەو ئاگرکەوتنەوە بە هەوڵ و ماندووبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و لە قاڵبی ٦ تیمی ئاگرکوژێنەوەی ئەو ئەنجومەنە، پاش ٨ کاتژمێر کۆنترۆڵ کرا.

رێژەی زیان و خەسارەکانی ئاگرکەوتنەوەی دارستان و لەوەڕگەکانی دەوروبەری گوندی نشکاش و دەوروبەری، ٥٠ هێکتار خەمڵێنراوە.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بڵاوی کردووەتەوە، مازوودار، داربەڕوو، وێول، گۆیژە سوورە، گۆیژە خومری (رەشە)، هەرمێ کورۆسک، چوالە و دەوەن، ناوی بەشێک لەو دارانەیە کە لەو ئاگرکەوتنەوەدا سووتاون.

لە سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا ٤٤ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لێڕەوارەکانی شارستانەکانی سەوڵاوا و مەریوان رووی داوە.

لەو پێوەندییەدا رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٩ی جۆزەدان، ئاگرکەوتنەوەیەک لە شاخی \'\'گوناگورگ\'\' هەڵکەوتوو لە نێوان دوو گوندی \'\'بەوراوا\'\' و \'\'بنچڵە\'\' سەربە شارستانی روانسەر رووی دا.

ئەندامانی \'\'ئەنجومەنی لاوانی ژینگەپارێزی جوانڕۆ\'\' و ئەندامانی \'\'ئەنجومەنی سەوز ماپرێس\'\' بە هاوکاریی هاووڵاتییان توانییان پاش دوو کاتژمیر ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.