کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێ مانگی رابردوودا رۆژانە ٦٠ کەس لە عێراق کوژراون

17:00 - 11 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: لە ماوەی سێ مانگی ئاگۆست، ژووئیە و ژوئەنی ئەمساڵدا، بەڕیز ١٤٢٠، ١٧٣٧ و ٢٤٠٠ ‌هاووڵاتیی عێراقی بەهۆی شەڕ و پێکدادانە نێزامییەکان لەو وڵاتەدا گیانیان لەدەست داوە.
هەواڵدەریی رویتێرز بەپێی راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە، لە مانگی ئاگۆستی ساڵی ٢٠١٤ زایینی‌دا رۆژانە لانیکەم ٤٦ هاووڵاتیی عێراقی کوژراون.

ئەو راپۆرتەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەڕای جەخت‌کردنەوە لەسەر جینایەتەکانی داعش، باس لەوە دەکات کە بارودۆخی نێوخۆیی عیراق زۆر ئاڵۆز بووە و لە مانگی ئاگۆستی ئەمساڵدا ١٤٢٠ کەس بەهۆی کردەوەی تیرۆریستی و شەڕ و پێکدادانە نیزامییەکان لە عێراقدا کوژراون.

فلاویا پانزیری جێگری کۆمیسێری باڵای رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لەو پێوەندییەدا رایگەیاند، کە گروپی تیرۆریستی داعش بە ئەنجامدانی کردەوەی کوشتنی ئامانجدار، گۆڕینی زۆرەملێی ئایین، دەستدرێژیی جینسی و ئەشکەنجە لە عێراق‌دا بە جەنایاتی جەنگی و دژەمرۆیی مەحکوم کراوە.

لەو پێوەندییەدا و بەپشت بەستن بە راپۆرتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کە رێکەوتی ١٠ی گەڵاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی (رێکەوتی ١ی ئاگۆستی ٢٠١٤) بڵاو کرایەوە، شەپۆلی کوشتاری نوێ و تێکهەڵچوونە نێزامییەکان لە عێراق بەردەوام درێژەی هەیە و کوژراوانی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونانە رووی لە زیادبوونە.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەماوەی مانگی ژووئیەدا ١٧٣٧ هاووڵاتیی عێراقی کوژراون.

هەر لەو پێوەندییەدا بەهۆی تەقینەوە و شەڕ و تێکهەڵچوونە نیزامییەکان لە مانگی ژووئەنیشدا لە وڵاتی عێراق زیاتر لە ٢٤٠٠ کەس کوژراون.

سەرەڕای کوژرانی هاووڵاتییانی عیراقی بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوونەکان ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی شارەکان بەهۆی کردەوەی تیرۆریستی و بۆمب گوزاری بریندار بوون.

بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچوونە نیزامییەکان لە وڵاتی عێراق ژمارەی ئاوارەکانی ئەو وڵاتە رووی لە زیادبوون کردووە و بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان زیاتر لە یەک میلیۆن کەس بەو هۆیەوە ئاوارە بوون.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکان، رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە تێوەگلاندنی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان لەشەڕی داعش رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.