کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠ لە سەدی حەشیمەتی نێو شاری کرماشان لە گەڕەکە پەراوێزخراوەکان پێک هاتووە

17:26 - 27 بەفرانبار 2720

٣٦ گەڕەکی پەرواێزخراو لە شاری کرماشان هەیە و ٣٠ لەسەدی حەشیمەتی ئەو شارە لە خەڵکی پەراوێزخراو پێک هاتووە.

"فەزڵوڵڵا ڕەنجبەر" فەرمانداری ڕێژیم لە کرماشان لە دانیشتنێکدا لەگەڵ میدیاکاران لەمەڕ کێشەی پەراوێزخراوەکانی شاری کرماشان ڕایگەیاندووە: "پێشتر کێشەی پەراوێزخراوەکان لە گەڕەکە دوورەکانی ئەو شارە بووە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو نیشتەجێبوونە نافەرمییە خۆی خزاندووەتە نێو شارەکە، بە جۆرێک کە هەنووکە ٣٠ لە سەدی حەشیمەتی کرماشان لە گەڕەکە پەراوێزخراوەکان پێک هاتووە.

بەپێی قسەکانی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم، هەنووکە ٣٦ گەڕەکی ئەو شارە لە گەڕەکە پەراوێزخراوەکانی نێو شار پێک هاتووە، کە ١٣ گەڕەکیان کێشەی بەنیسبەت گەڕەکەکانی دیکە زۆرترە.

شارێکی وەکوو کرماشان کە هەم سەرچاوەی ئاوی پێویستی هەیە، هەم سەرچاوەی وزەی زۆری هەیە و هەم ئەگەری هەناردەکردنی بۆ وڵاتانی دیکە هەیە و هەروەها پۆتانسیەلی زۆری گەشتیاری هەیە، بەڵام یەکێک لە بێکارترین شارەکانە. بە واتایەکی دیکە یەکێک لە پەراوێزخراوەکان لە بواری ئابوورییە.