کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەرپێڵ زەهاو به‌هۆی نەبوونی خزمەتگوزاری خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕی

12:35 - 10 گەلاوێژ 2720

لە درێژەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان و ئێراندا، خەڵکی ناوچەی "پشتەنگـ"ـی سەر بە "سەرپێڵ زەهاو" لەهەمبەر بێکاریی و نەبوونی خزمەتگوزاری ناڕەزایەتییان دەربڕی.

 ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی گەلاوێژ، خەڵکی ئاوایی "ئەلیاسی" سەربە ناوچەی "پشتەنگـ"ـی  سەرپێڵ زەهاو بەنیسبەت بارودۆخی نالەباری ژیان، نەبوونی ئیمکانات، خزمەتگوزاری و کەمئاوی لەبەردەم بینای فەرمانداریی ئەو شارەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ناوچەی "پشتەنگ" ناوچەیەکی بێبەشە و خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ لە دوای شەڕی ئێران و عێراق ئاوارە بوونە و لە بوومەلەرزەکەی ساڵی ٩٦دا هەموو ئاواییەکانی ئەو ناوچەیە بە تەواوی وێران بوو.

ئەمە لەحاڵێکدایە کە لەلایەن هیچ بەرپرسێکی ڕێژیمەوە ئاوڕێکیان لێ نەدراوەتەوە و لە خراپترین بارودۆخی ژیاندان.

لە ئاوایی "ئەلیاسی" ڕێژەی خوێندەواریی لە ئاستێکی زۆر نزمدایە و لەو بوارەدا ڕێژیم هیچ هەوڵێکی بۆ خوێندەوارکردنی ئەو ناوچەیە نەداوە.

لەو ناڕەزایەتییەدا خەڵک باسیان له بێئاوی کردووە کەچی ئاوی ئەو ناوچەیە بۆ ئیلام و خووزستان ڕاگوێزراوە و لە ئاوی ناوچەی خۆیان بێبەرین.

هەروەها بێکاری لەو ناوچەیەدا خەڵکی ناچار کردووە  کە بۆ شارەکانی تاران و کەرەج کۆچ بکەن و لە پەراوێزی ئەو شارانەدا نیشتەجێ بن.

هەرچەند خاكی ناوچەی "پشتەنگ" بەپیت و خاوەن زەوی و زارێکی زۆرە بەڵام بێئاوی و نەبوونی خزمەتگوزاری خەڵکی ناوچەکە ناتوانن کاری لەسەر بکەن.