کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەرەتای ساڵی نوێدا نرخی خواردەمەنییەکان زیاتر لە ١٠ لەسەد گران بووە

13:28 - 17 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕەوتی گرانیی شمەکە سەرەکییەکان لە ئێراندا،ڕووی لە هەڵکشانە و خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستانی خۆرهەڵات، لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەڕوو بوونەتەوە.

بەپێچەوانەی بەڵێن و ئیدعاکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ کۆنتڕوڵی نرخەکان لە ڕۆژانی پشووی نەورۆزدا، نرخی کاڵا خواردەمەنییەکان زیاتر بەرز بووەتەوە و تەنانەت هەندێ شار لەگەڵ نەبوونی میوەی پێویست بەرەو بوونەتەوە.

بەهۆی ڕێگەپێنەدان بە هاتوچۆکردنی ماشینە بارهەڵگرە گەورەکان، بازاڕی میوە و تەڕەباری شارەکانی کوردستان لە گەڵ کەمیی کاڵا بەرەوڕوو بووەتەوە و هەر ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکانی گران بوونی میوە لەم چەند ڕۆژەدا بووە .

لافاوی ماڵوێرانکەر لەم چەند ڕۆژەدا، کە بەشێکی هەرە زۆری ناوچەکانی بەرهەمهێنەری دانەوێڵە و میوە و تەڕەباری لە ئێراندا گرتووەتەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی  گرانی و کەمبوودی ئەو کەلوپەلانە، لە مانگەکانی داهاتوودا به ئەژمار دێت.

کەمبوونی ساردخانە و ئەمباری ڕێکوپێک لە شارەکانی ئێراندا و شێوەی خراپی بەستەبەندی و هەڵگرتن و دەستچن نەکردنی میوە، هۆکارگەلێکی گرینگن بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان لە وەرزی سەرمادا وهەمیشە بەشێکی زۆری بەرهەمی کشتوکاڵی و جووتیاریی ئێران بە هۆی ئەم هۆکارانەوە لە ناو دەچن .

هەناردەکردنی ئەم کاڵا خواردەمەنییانە لە سنوورەکانی ئێرانەوە بەرەو وڵاتانی عێراق و ئەفغانستان و ... هۆکاری ئاشکرای نابەرپرسایەتی و کەمتەرخەمی و گەندەڵیی کاربەدەستانی  ڕێژیم لەمەڕ بژیوی ژیانی خەڵکی ئێران و کوردستانە  .

ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە دواڕۆژەکانی مانگی ڕەشەممەی ڕابردوودا بەردەوام کاربەدەستانی ڕێژیم بەڵێنی هەرزانی و داکشانی نرخەکانیان بۆ ڕۆژانی پشووی ساڵی نوێ بە خەڵک دەدا.