کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سەقز بۆ بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی یارمەتی کۆ کرایەوە

12:48 - 5 خاکەلێوه 2720

لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە سەقز، سەردانی بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی و کەمداهاتەکانیان کردووە و یارمەتییان داون.

ئەو هەوڵەی دڵسۆزان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی نەورۆزی کوردەواری و نوێبوونەوەی ساڵی کوردییەوە بووە.

ئەو لایەنگرانەی حیزبی دێموکرات لە سەقز بە هاوکاریی کەسانی دڵسۆز یارمەتییان کۆ کردووەتەوە و لە نێوان بنەماڵەی هەژاران، کەمداهات و بنەماڵەی زیندانییانی سیاسیدا دابەش کراوە.

خەڵکی کوردستان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە چەندین شاری دیکەی کوردستان یەک لەوانە سنە یارمەتییان کۆ کردەوە و بە بنەماڵە کەمداهاتەکانیان داوە.

بەڕێوەبەرانی ئەو هەڵمەتانەی کۆکردنەوەی یارمەتی ڕایانگەیاندووە، ئێمە لە ڕووی ئەرکی نەتەوەیی و ئەخلاقییەوە ئەو کارەمان کردووە.

هەروەها خەڵکی کوردستان وەک ڕێزدانان لە خۆڕاگری و ئەمەگناسیی زیندانییانی سیاسی لە بەرامبەر نەتەوە و نیشتمانەکانیاندا یارمەتیی بنەماڵەکانیان دەدەن.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بێ کیفایەتیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کۆنترۆڵکردنی ئەم قەیرانەدا، خەڵکی کوردستان بە شێوەی خۆڕسک، کەمپەینی ''پارێزەرانی ژیانـ''ـیان ڕاگەیاند کە وێڕای دژەگەندکردنی شارەکانی خۆیان، بە کۆکردنەوەی پێداویستی و بڵاوکردنەوەیان بەسەر بنەماڵە هەژارەکاندا، چالاکانە هەوڵیان داوە.