کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شار و گوندەکانی کوردستان یادی شەهیدانی میکۆنووس بەرز ڕاگیرا

12:13 - 25 خەرمانان 2720

لە ٢٨ـەمین ساڵڤەگەڕی تێرۆرکرانی شەهید دوکتور "شەرەفکندی" و هاوڕێیانی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە "سنە، بۆکان و بانە" بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی یادی ئەو شەهیدانەیان بەرز ڕاگرت.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە گوندەکانی "مێراو" و "سەرڕێز" سەر بە ژاوەرۆی سنە، بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانانەوە چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و لەگەڵ ئامانج و ڕێبازی ئەو نەمرانەدا پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.

لە چالاکییەکی دیکەدا ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە گوندی "تەرەغە"، شوێنی لەدایکبوونی دوکتور "شەرەفکەندی"، بە دانانی گوڵ و جامانە و وێنەی دوکتور "شەرەفکەندی" گوندەکەیان ڕازاندەوە.

هەروەها لە "بۆکان" و گوندەکانی دەوروبەری بەبۆنەی ٢٦ی خەرمانانەوە چالاکیی بەرینی تەبلیغی بەڕێوە چوو و تیکۆشەرانی دێموکرات ئەمەگناسیی خۆیان بە ڕێبازی شەهیدانی کوردستان دووپات کردەوە.

"بلواری ئازادەگان، کەمەربەندیی شار، سێڕێیانی خاوەران، بلواری کوردستان، شەقامی سەقز، میرئاوا لە بلواری کشاوەرز، حەمامیان، شەقامی ٢٠ میتری، قوتابخانەکانی باخی فەرهەنگ و بلواری کوردستان، گوندەکانی داره گرده، عەزیز کەند، سەیدئاوا،  قەره کەند، تابلوکانی ڕێگای بورهان، دونگز، داربه سەر، ئاخته تەر، بوغده كەندى، كانى پانكە" ئەو شوێنانەی بۆکانە کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا کۆمەڵێک لە ژنانی "بانە" لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵوەگەڕی تێرۆرکرانی شەهیدانی "بێرلین" ڕایانگەیاندووە: "ئێمە بە تێرۆر، ئەشکەنجە، سێدارە و برسێتی دەست لە خەبات و تێکۆشان هەڵناگرین و ڕۆژ بە ڕۆژ لەسەر ڕێبازی حیزبەکەمان سوورتر دەبین".