کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شار و گوندەکانی کوردستاندا چالاکیی بەرینی تەبلیغی بەڕێوە چوو

11:36 - 29 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: پێشمەرگەکانی شار و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شار، گوند و شاخەکانی کوردستاندا، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، لە شارەکانی "سنە" و "بانە" و لە گوندەکانی "دەل"، "نسڵ" و "گۆشخانی" و لە شاخەکانی "مێڵەبەوە" و "هەیشوور"، پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکرات ڕاگەیاند.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات، بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە بەرزایییەکانی شاری "بانە"دا و هەروەها چالاکیی تەبلیغی لە "ئاویەر"ی شاری سنەدا، لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیمانیان نوێ کردەوە.

هەروەها، دێموکراتپەروەران و پێشمەرگە چاونەترسەکانی شار، لە بەرزایییەکانی شاخی "مێڵەبەوە"، کە سەر بە گوندەکانی "نسڵ" و "گۆشخانیـ"ـی سەوڵاوایە و پێشتر مەقەڕی حیزبی دێموکرات بووە، ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان ھەڵ کرد، بە جۆرێک کە ئەم ئاڵایە لە گوندەکانی "ڕەزاو"، "کەڕاوا" و  "مازیبنـ"ـەوە دەبینرێت.

دڵسۆزانی گەل، تراکت و پۆستێری حیزبی دێموکراتیان لە نێو گوندەکانی "نسڵ" و "گۆشخانی" و لە جادەی سەرەکیی ئەم دوو گوندەدا تاکوو نزیکیی شاری "سەوڵاوا" و گوندی "نیاوا"، بڵاو کردەوە. هەروەها لە جادەی سەرەکیی مەریوان ـ سنە، تابلۆکانی سەر جادەکان بە پۆستێری حیزبی دێموکرات نەخشێندرا.

لە ڕێکەوتی ١٢ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، باڵندەکانی کۆساڵان لە شاخی "مێڵەبەوە"، ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵ کردبوو کە لە لایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە لا برا، بەڵام پێشمەرگە ئازاکانی حیزبی دێموکرات دیسان لە هەمان شوێندا بە هەڵکردنی ئاڵا، پیشانیان دا کە گوند بە گوند، شار بە شار و شاخ بە شاخ، پێشمەرگەکانی شار و شاخی حیزبی دێموکراتیان لێیە.