کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری كالماری سوید سمینارێك بۆ ڕێزگرتن لە یادی د. قاسملوو و هاوڕێیانی بەڕێوەچوو

18:44 - 6 گەلاوێژ 2716

كوردستان میدیا: لە سمێنارێكدا لە وڵاتی سوید، یادی شەهیدانی كارەساتی تیرۆریستیی وییەن بەرز ڕاگیرا.

ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ٢٤ی ژووئیەی ۲٠۱٦ی زایینی، كومیتەی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران لە شاری كالماری سوید، بە هاوكاریی كومیتەكانی یەكێتیی ژنان و یەكێتیی لاوانی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران لەو شارەدا، بە بۆنەی بیست وحەوتەمین ساڵیادی تیرۆر كردنی شەهید دوكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، سمینارێكی لە ژێر ناوی گرێدانی خەباتی شاخ و شار، دەرفەت و ئاستەنگەكانی بۆ دوكتور ئیدریس ئەحمەدی، كارناسی سیاسی بە بەشداریی هێز و لایەنە سیاسییەكان و ژمارەیەكی بەرچاو لە كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان ڕێك خست.

لەو سیمینارەدا كە بە خولەكێك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی كورد و كوردستان دەستی پێ كرد، بەڕێز ئیدریس ئەحمەدی، كارناسی سیاسی، وەكوو كۆڕگێڕی سمینارەكە باسێكی تێروتەسەلی لەو پێوەندییەدا پێشكەش كرد.

بەڕێز ئەحمەدی لە وتەكانیدا باسێكی سیاسیی پڕنێوەڕۆكی لەسەر ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە گرژییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دۆخی بزووتنەوەی كورد بە گشتی و كوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی پێشكەش كرد.

ڕاسان وەكوو بزووتنەوەیەكی مێژوویی و مۆدێڕن و ئامانج و گرینگیی ڕۆڵی حیزبی دیموكرات لە وەڕێخستن و ڕێبەریكردنی ئەم بزووتنەوە نوێیەدا بەشێكی دیكەی باسەكەی كاك ئیدریس ئەحمەدی بوون.

لە كۆتایی ئەو سیمینارەشدا ئامادەبووان پرسیار و بۆچوونەكانیان خستە ڕوو و لە لایەن كاك ئیدریسەوە بە وردی وەڵام درانەوە.

سیمینارەكە پاش دوو كاتژمێر و نیو، بە دروشمی بژی كورد، بژی كوردستان لە لایەن بەشداربووانەوە كۆتایی هات.