کوردستان میدیا: كۆمیتەی ڕێكخستنی ئاشكرای حیزب لە سلێمانی بە بۆنەی شەوی یەڵدا و ٨٨هەمین ساڵرۆژی لە دایكبوونی ڕێبەری نەتەوەی كورد د. قاسملوو مەراسمێكی تایبەتی بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەم مەراسمە كاتژمێر ٧ی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەز، بە بەشداری بەرپرس و كادرەکانی دەزگای ڕێكخستن و ئەندامانی حیزب لە شاری سلێمانی و دەوروبەری لە بنكەی پێوەندییەكانی حیزب لەو شارە بەڕێوە چوو.
مەراسمەكە سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و ڕاگرتنی خولەكێك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێ كرد. پاشان لە لایەن هاورێ فوئاد خاكی بەیگی بەرپرسی پێوەندییەكانی حیزب لە شاری سلێمانی بە خێرهاتنی میوانەكان كرا.
دواتر هاوڕێ تاهیر مەحموودی، ئەندامی دەستەی كارگێری و بەرپرسی دەزگای ڕێكخستن بە بۆنەی شەوی یەڵدا و ساڵرۆژی لە دایكبوونی د. قاسملوو چەند وتەیەكی پێشكەش كرد. ناوبراو لە قسەكانی دا ئاماژەی بەم خاڵە گرینگانە دا :کاریگەری و ڕۆڵی دوکتور قاسملوو لەسەر حیزبی دێموکرات، جێ پەنجەی لەسەر سیاسەتگوزاری حیزب و سەرجەم بوارەکان، سەربەخۆیی سیاسیی بۆ بڕیاردانی حیزبی، گەڕانەوەی لە ئورووپا بەر لە کۆنفرانسی ۳و زیندووکردنەوەی حیزب ، پێداگری لەسەر ئاشتی، دێموکراسی و مافی نەتەوایەتیی، هەوڵدانی بۆ پەیداکردنی پشتیوانی نێونەتەوەیی و ڕاکێشانی سەرنجی ئوروپاییەکان بەلای تێکۆشانی حیزب.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیشیدا ئاماژەی بە گەورەترین کاری دوکتور قاسملوو کرد کە بریتی بوو لە بەجێ هێشتنی حیزبێکی بە ئوسول و بەپڕەنسیپ و بە بەرنامە کە بە دوای خۆیشی دا بتوانێ ئیدامەکاریی ببێ. وتیشی: دوکتور قاسملوو دەیوت ڕەمزی خۆڕاگری حیزب سێ شتە یەکەم سیاسەتی دروست، دووهەم پشتیوانی خەڵکی کوردستان، سێهەم بوونی هێزی پێشمەرگە کە ئەو سێ خاڵە لە جەوهەرو پەیامی ڕاسانیش دا ڕەنگی داوەتەوە.
دواتر هەر یەك لە هاوڕێیان ڕەزا مورادی و عەدنان قادری بەو بۆنەوە پارچە شێعرێكیان پێشكەش كرد.
پاشان فیلمێكی دیكیۆمێنتاری كە لە سەر ژیان و كەسایەتی د. قاسملوو لە لایەن كۆمیتەی حیزب لە سلێمانی ئامادە كرابوو پێشكەش بە ئامادەبووان كرا.
دواتر پەیامی یەكیەتی لاوان لە لایەن ئازاد شافێعی بەرپرسی كۆمیتەی لاوان لە سلێمانی خوێندرایەوە.
هەروەها هونەرمەند تاهیر خەلیلی و پێشمەرگەی لاو كامران عەبدوڵاهی بەو بۆنەیەوە گۆرانیان پێشكەش كرد؛ لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەشدا هونەرمەند جاسمی ساز سروودێكی بە ناوی ”وا هاتن پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات"، بەو بۆنەوە پێشكەش كرد كە لە لایەن هاوڕێ تاهیر مەحموودی بەرپرسی دەزگای ڕێكخستنەوە وێنەی د. قاسملوو پێشكەش بە ناوبراو كرا
دواتر لەوحی ڕێزلێنان لە لایەن هاوڕێ دارا ناتق جێگری ڕێكخستنی گشتی حیزبەوە پێشكەش بە سەركەوتووانی دەورەی زمانی كوردی كرا کە ماوەیەک پیش ئێستە لەلایەن کۆمیتەی حیزب لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو.
لە كوتاییدا بەشداربووان بە شایی و هەڵپەڕكێ ئەو یادەیان ڕازاندەوە.