کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری سنە ڕێز لە زمانی کوردی گیرا

11:27 - 26 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: دامەزراوەی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی زاگرۆس لە شاری سنەدا، بە بڵاوکردنەوە برووشووری تایبەت بە زمانی کوردی، ڕێزیان لە زمانی کوردی گرت.

ڕۆژی چوارشەممە، ۲۵ی بانەمەڕ، دامەزراوەی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی زاگرۆس لە شاری سنەدا، بە چاپ و بڵاوکردنەوەی برووشووری تایبەت بە زمانی کوردی، کە بە دوو زمانی کوردی و فارسی نووسرابوون، لە شوێنە گشتییەکانی ئەو شارەدا چالاکییان بەڕێوە برد.

لەو برووشوورانەدا، کە بە دروشمی "ئێمە کوردین با بە کوردی بژین"، چاپ کرابوون و بە شرۆڤەیەکی کورت لە سەر زمانی کوردی نەخشێندرابوون، لە شوێنە گشتییەکانی شاری سنە، وەکوو: شەقامی شاپوور، دوو شوێنی شەقامی ژاندارمری، گۆڕەپانی ئازادی (یان ئێقباڵ)، دوو شوێنی شەقامی شەشەم بەهمەن، کە لە شاری سنەدا بە شەقامی دوکتور قاسملوو ناودێر کراوە و چەند شوێنی دیکە، لە نێوان خەڵکدا بڵاو کردەوە و لە لایەن خەڵکی شاری سنە و بە تایبەت لاوانی ئەو شارەوە، پێشوازی لەو چالاکییانە کرا.

شایانی باسە کە، ڕۆژی شەممە، ۲۱ی بانەمەڕ، دامەزراوەی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی زاگرۆس، لە لاپەڕەی فەرمیی تێلێگرامی خۆیدا، ڕایگەیاند کە خولێکی تری لە تاقیکارییەکانی وانەی ڕێنووسی کوردی لە شاری سنە، لە ژێر ناوی "خولی ڕێنووسی بەهاری"، کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە لاوان تێیدا بەشدارییان کردبوو، بە سەرکەووتووانە کۆتایی پێهات.

دامەزراوەی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی زاگرۆس، لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ۲۷۱۷ی کوردی، لە لایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنیی شاری سنە، بە مەبەستی پەرەپێدان و خەزمەت بە فەرهەنگ و کلتووری کوردی دامەزراوە و لەم پەیوەندییەشدا، وێڕای ئەوەی کە دوو ساڵ لە دامەزراندنی ئەو ڕێکخراوەیە تێپەڕ دەبێت، تاکوو ئێستا کۆمەڵێک چالاکیی فەرهەنگی و کلتووریی بەرچاویان ئەنجام داوە.