کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری "سەردەشت" کەمپەینێک لەژێر ناوی "بەرگی سۆز" بۆ ماوەی یەک حەوتوو دەستی بەکار کرد

11:19 - 28 سەرماوەز 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی لە شاری "سەردەشت" سەر بە پارێزگای "ورمێ" کەمپەینێک لەژێر ناوی "بەرگی سۆز" لەلایەن چالاکانی مەدەنیی "بەڕووی زاگرۆس" و هەروەها کۆمەڵێک لە چالاکانی خەڵکیی شارەکانی "سەردەشت و نەڵاس و ڕەبەت" دەستی بەکار کرد.

ئەو کەمپەینە بە سەرنجدان بە دۆخی دژواری داهات و بژێویی ژیان و گرانیی جلوبەرگ و هەژاریی لەڕادەبەدەر و نەبوونی کار و پیشە لەو شارە کە زۆربەی بنەماڵەکان لە دابینکردنی پێڵاو و جلوبەرگ بۆ خۆیان و بنەماڵەیان بەتایبەت منداڵەکانیان بێبەشن، پێک هاتووە.

ئەو کەمپەینە بەگشتی لەلایەن خەڵکەوە دامەزراوە و بۆ ماوەی یەک حەوتوو بەردەوام دەبێت و ئامانجی کۆکردنەوەی پێڵاو و جلوبەرگی زیادیی بنەماڵەکانە کە بەشێک لە کێشەی ئابووریی بنەماڵە هەژارەکانی پێ دابین دەکات.

کەمپەینی "بەرگی سۆز" پێڵاو و جلوبەرگی باش و بەکەڵک بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە چەند ناوەندی "سەردەشت، نەڵاس و ڕەبەت" و تەنانەت بە شێوەی تەلەفۆن و چوون بۆ بەر دەرکی ماڵەکان کۆ دەکاتەوە، پاشان لە دوای شۆردن و ئوتووکێشان دەیدا بە دەستی ئەو کەسانەی پێویستیان بەو کەلوپەلانە هەیە.