کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری شنۆ، چالاکیی بەرینی تەبلیغی بەڕێوەچوو

12:11 - 8 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان، بەڕێوەبرد.

تێکۆشەرانی چاونەترسی دێموکرات، لە شاری شنۆدا، بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی ڕێبەری نەمری گەلەکەمان، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.

لەم چالاکیەدا، زیاتر لە ٥٠٠ تراکت لە شوێنەکانی: "شەهرەکی فەرهەنگی یان شەهرەکی یاسا، سەیداوێ، تاچیناوێ، پارکی سەیداوێ، ڕەحیم ئاوا، مامتەمر، قەبری شەهیدان، حەنەفییان، ڕێگای بارزان ئاوا، فەلەکەی دادگا و چەندین قوتابخانە"، بڵاو کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی نیشتمانپەروەرانی دێموکرات: "هاتوچۆی کەسانی نەناسراو و سەر بە ڕێژیم لە شاری شنۆ و ناوچەکانی دەوروبەری، لە هەمیشە زیاتر بووە و دەیانەوێت ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن تا لە پووشپەڕی ئەمساڵدا و بۆ ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملوو، چالاکی نەکرێت، بەڵام چالاکییەکان بەتینتر لە هەمیشە بەردەوامە".

 هەروەها لە ترسی بوونی هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی خۆرهەڵاتی کوردستان، جاش و بەکرێگیراوانی ڕێژیم کەوتوونەتە جموجووڵ و بە شەودا لەنێو گوند و شاخەکانی کوردستاندا بە دوای پێشمەرگەدا دەگەڕن و کوێرانە تەقە دەکەن، تاکوو بڵێن ئێمە هەین و دۆخەکە کۆنترۆڵ دەکەین. لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە لە شار، گوند و شاخەکانی کوردستاندا، چالاکیی بەرینی تەبلیغی بۆ پشتیوانی لە ڕاسان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوە دەچێت.