کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ١٣٢ شاری ئێران مزگەوت و قوتابخانەکان کرانەوە

12:10 - 15 بانەمەڕ 2720

سەرەڕای قەیراناویتربوونی دۆخی کۆرۆنا لە ئێران، بە بڕیاری ڕێژیم، لە ١٣٢ شار، مزگەوت و قوتابخانەکان کە شوێنگەلێکی گشتین کرانەوە و ئەمە خەڵک لەگەڵ هەڕەشەی زیاتر بەرەوڕوو دەکاتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی بانەمەڕ، "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە وتاربێژییەکدا لە ستادی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا، باسی لە بڕیارە نوێیەکانی دەوڵەت کرد.

ئەو بڕیارانە کە کردنەوەی مزگەوت و قوتابخانەکان لە ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕەوە بوون، بە شێوەی کردەوە، لە ١٣٢ شاری ئێران کە ئیدعا دەکەن "کەم مەترسیـ"ـیە بەڕێوە چووە.

هەروەها یەکێک لەو بڕیاراتەی ڕێژیم، کرانەوەی هەندێک لە سینفەکانی وەک ئارایشگا و ناوەندە وەرزشییەکان بە شێوەی پلیکانی، تەنانەت لە شوێنە "پڕمەترسیـ"ـیەکاندا بووە کە ئەمە دەبێتە هۆی بەرەوڕووبوونەوەی خەڵکی ئەو وڵاتە لەگەڵ قەیرانێکی مەترسیدارتر.

ئەو بڕیارەی ڕێژیم بۆ کرانەوەی شوێنە گشتییەکانی وەک قوتابخانە و مزگەوتەکان، کاردانەوەی خەڵکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتووەتەوە و خەڵکی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە و دڵنیایی بەخشینەکانی سەرکۆماری ڕێژیم لە نیگەرانییەکانی خەڵکی کەم نەکردووەتەوە.

ڕێژیم لەو باوەڕەدایە کە کێشەگەلێکی کۆمەڵایەتی کە ناویان لێ ناوە "دووجەمسەریی زانست و ئایین" و "دوو جەمسەریی گیان و نان"، بە کردنەوەی ئەو شوێنانەی کە بڕیاری لەسەر دراوە، چارەسەر دەبێت.

فەلسەفەچنینەکانی ڕێژیم بۆ پاساوی کرانەوەی شوێنە گشتییەکان بە هەبوونی سەدان کەس لە کرێکارانی بیناسازی، ڕۆژکارەکان، دەستفرۆشەکان، پیشە بێ بیمەکان و زۆرێکی دیکە کە بەبێ هیچ پشتیوانییەک بەحاڵی خۆیانەوە ماونەتەوە، بە ئاکام ناگات.