کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شارێکی ئامریکا وانەی کوردی دەگوترێتەوە

16:00 - 3 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لە قوتابخانەکانی ناوەندیی شاری "نەشویلـ"ـی ویلایەتی "تێنێسیـ"ـی ئامریکا، وانەی کوردی دەگوترێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی کە لە یاسایی بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێران گوتنەوەی وانەکان بە زمانی کوردی لە سەرجەم قوناغەکانی خوێندندا پەسەند کراوە، بەڵام هێشتا ڕێژیم ڕێگای گوتنەوەی وانەکانی بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتدا نەداوە.

لەو پێوەندییەدا، لە شاری "نەشویلـ"ـی پێتەختی ویلایەتی "تێنێسیـ"ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لێژنەی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە، بە فەرمی بڕیاری گوتنەوەی وانەی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ناوەندیی ئەو شارەیان گونجاندووە و لە داهاتوودا ئەو بڕیارە بە فەرمی دەچێتە بواری جێبەجێکردندا.

شاری نەشویل، زیاتر لە ۱۱۰۰ قوتابیی کوردزمانی تێدا نیشتەجێیە و بە یەکێک لەو شارانەی ئامریکا هەژمار دەکرێت کە زۆرترین کوردی تێدا نیشتەجێ بووە، لەمەوبەدوا قوتابییە کوردەکان لە قوتابخانە ناوەندییەکانی ئەو شارەی ویلایەتی تێنێسی، جیا لە زمانە فەرمییەکانی ئەو ویلایەتە و ئامریکا، دەتوانن بە زمانی فەرمیی نەتەوەی خۆشیان بخوێنن.