ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٠ی هەتاوی، هەڵمەتێکی بەرینی چاندنی "بەڕوو و گێوژ" بۆ پەرەسەندنی دارستان لە شاخەکانی "میرقاز و شێربەگ" لە گوندی "کانی ڕەش" سەر بە "بۆکان" لەلایەن چالاکانی ژینگەیی و خەڵکی ئەو گوندەوە بەڕێوە چوو.
لەو هەڵمەتە ژینگەییەدا ئەنجومەنی سەوز بە ناردنی دەنکی بەڕوو، یاریدەی ئەو هەڵمەتە ژینگەییەی داوە.
لەلایەکی دیکەوە چالاکانی ژینگەیی لە هەڵمەتێکدا و لەژێر دروشمی "ئەم نیشتمانە بە باڵای زاگرۆسەوە جوانە" لە گوندی "ئەڵک" سەر بە شاری "کامیاران" تۆوی "کەما، لۆ و ڕێواسـ"ـیان چاند.
هەروەها لە شاری "ئیلام" و لەلایەن "ئەنجومەنی قەراری سەوزی بانکول" بە چاندنی دەنکی بەڕوو چالاکیی ژینگەیی بەڕێوە چوو و لە چەند شوێنی دیکەی ئەو شارەش چالاکانی ژینگەیی تۆوی "بەڕوو، قەزوان و بادامـ"ـیان چاند.
لەلایەکی ترەوە لە شاری "ورمێ"، ژینگەپارێزانی "داڵانپەڕ" لەژێر ناوی "ژینگە، ژیان، نیشتمان" لە داوێنی چیاکانی ناوچەی "مەرگەوەڕ" تۆوی "گوێز، گێوژ و بەڕوو"یان چاند.