ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی سەرماوەز، لەلایەن ژینگەپارێزانی نیشتمانیی ساحێب لەسەر تەپۆڵکەی "سەی ئەحمەد"ی شاری "ساحێب" ، لەژێر ناوی "ئەم نیشتمانە بە باڵای زاگرۆسەوە جوانە" چالاکیی بەرینی ژینگەیی بەڕێوە چوو.
ژینگەپارێزان لەو چالاکییە ژینگەییەدا دەنکی "بەڕوو و بادامی تاڵـ"ـیان چاند.
هەروەها لە بەرنامەیەکی زاگرۆسانەدا کە لەلایەن ئەنجومەنی "سەوزی چیا"وە لە شاری "مەریوان" بەڕێوە چوو، گرووپی "سمۆرەکانی زاگرۆس"، گرووپی مۆسیقای "فلارمونیک" و گرووپی شاخەوانیی "هەڵۆخان و هێلانەدڵ" چالاکیی ژینگەییان بەڕێوە برد.
زاگرۆسانە هەڵمەتێکی ژینگەییە کە ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان بە هاوکاریی هاووڵاتییان بۆ پاراستنی سروشتی کوردستان بە چاندنی دەنک و نەمام بەڕێوەی دەبەن.