کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شانۆی هەڵبژاردنی سووریە، بەشار ئەسەد بۆ ٤ـەمین جار بوو بە سەرکۆماری ئەو وڵاتە

12:44 - 7 جۆزەردان 2721

هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە سووریە بەبێ بەشداریی چاوەدێرانی نێونەتەوەیی و تەنیا لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدایە، بەڕێوە چوو و ''بەشار ئەسەد'' بە بەدەستهێنانی ٩٥ لەسەدی دەنگەکان ٢١ـەمین ساڵی حوکمرانیی خۆی بەسەر سووریەدا دەست پێ دەکات.

سەرکۆماریی بەشار ئەسەد بۆ چوارەمین جار لە حاڵێکدایە کە سووریە ماوەی ١٠ ساڵە تووشی شەڕی نێوخۆیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەس بووە.

ئەو هەڵبژاردنانە تەنیا لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی بەشار ئەسەددایە بەڕێوە چووە و ناوچە کوردییەکان بەتەواوەتی هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کردووە.

ڕێژیمی سووریە ڕێژەی بەشداریی خەڵکی ٧٩ لەسەد ڕاگەیاندووە کە ٩٥ لەسەدی بەشداربووان دەنگیان بە ئەسەد داوە، لە حاڵێکدا ڕکابەرەکانی بەشار ئەسەد یەکێکیان ٣/٣ لەسەد و ئەوەی دیکەش ٥/١ لەسەدی دەنگەکانیان بەدەست هێناوە.

دژبەرانی بەشار ئەسەد ئەو هەڵبژاردنەیان بە شانۆیەکی پێکەنیناوی ناو بردووە و ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی وتوویانە کە ئەو هەڵبژاردنانە ئازادانە و دادپەروەرانە نەبووە.

''یەحیا ئەلاریدی'' وتەبێژی کۆمیسیۆنی وتووێژەکانی سووریە وتوویەتی، ئامانجی ئەو هەڵبژاردنانە سووکایەتیکردن بە خەڵک بووە.

ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە ئاستی نێونەتەوەییدا تەواو گۆشەگیر بووە و جگە لە ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە لەگەڵ وڵاتانی دیکە پێوەندیی دیپڵۆماتیکی نییە.

شەڕی دە ساڵە، ئابووریی سووریەی بەچڕی لاواز کردووە و ملیۆنان کەس لەو وڵاتە لە هەژاری و برسیەتیدا ئازار دەکێشن.

لە شەڕی دە ساڵەی سووریەدا لانیکەم ٣٨٨ هەزار کەس کوژراون و ٦ ملیۆن کەس ناچار بوونە کە پەنا بۆ وڵاتانی دەرەوە ببەن.

ساڵی ٢٠١٤ سەرەڕای شەڕ و تێکهەڵچوونەکان و بایکۆتی هەڵبژاردنەکان، هەڵبژاردنەکانی سووریە بەڕێوە چوو و بەشار ئەسەد ٨٩ لەسەدی دەنگەکانی بەدەست هێنابوو.