کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شەڕ دژی داعش، پێنج پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان شەهید بوون

10:30 - 7 سەرماوەز 2721

شەوی ڕابردوو تێرۆریستانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ هێرشیان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و لە کاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکانیش، بۆمبێکی چێندراو بە ماشینێکی پێشمەرگەکاندا تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و چواری دیکەش بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو پێشمەرگانەی کە شەهید بوون هەموویان لەنێو ئەو ماشینەدا بوون کە بۆمبەکەی پێدا تەقیوەتەوە. دوای تەقینەوەی بۆمبەکەش، چەکدارانی داعش چوونەتە سەر ماشینەکە و پێشمەرگەیەک کە بریندار ببوو، فیشەکیان پێوە ناوە و شەهیدیان کردووە.

هەروەها پێشمەرگەیەکی دیکەش بە برینداری لەو ماشینەدا ڕزگاری بووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە. ئەم پێنج پێشمەرگە کە شەهید کراون، خەڵکی سنووری قەزای شارەزوورن.

"ئیبراهیم بارام، ئیسماعیل محەممەد، ئاراس سەمین، ئەمین حوسێن و نەبەرد سەعید" ناوی ئەو پێشمەرگانەیە کە شەهید کراون.