کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە فێرگەی سەروان "چەکۆ" پۆلێک لە لاوانی نیشتمان پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە بوون

12:30 - 11 رەشەمه 2720

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی ڕێوڕەسمی کۆتایی دەورەی ٢٤٧ی سەرەتایی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە چیاکانی کوردستان بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، فەرماندە نیزامییەکان، کادر، پێشمەرگە و میوانان بەشدار بوون.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر بەشداربووانی دەورە به ئەنجامدانی ڕژەی نیزامی و پیشاندانی ڕاهێنانەکانی خۆیان لە ماوەی دەورەکەدا، ئامادەیی جەستەیی و نیزامیی خۆیان خستە ڕوو.

پاشان "سەلیم زەنجیری"، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند وتەیەکی بەم بۆنەوە پێشکەشی بەشداربووان کرد.

زەنجیری" لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد: "ماوەی ٤٢ ساڵە ئەم ڕێژیمە بە زۆر و زۆرداریی خۆی بە سەر گەلانی ئێراندا سەپاندووە. لە ئاستی نیوخۆییدا لە ئەشکەنجە، ئێعدام، سەرکوت و ئاسیمیلاسیۆن بەردەوام بووه. لە ئاستی دەرەوەدا باجگیری، دەست بەسەرداگرتن، پشتیوانی لە تێرۆریزم، تەقاندنەوە و هەوڵدان بۆ چەکی ئەتۆمی لە چالاکییەکانی ئەو ڕێژیمە بووە".

ناوبراو باسی لەوەش کرد: "ڕەنگە ڕێژیمی ئێران لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەوەدا هەندێک سەرکەوتنی بەدەست هێنابێت بەڵام لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا نەیتوانیوە ئیرادەی خەبات و بەرخۆدانی خەڵکی کورد شکست بدات و هەروەها نەیتوانیوە جێگەی خۆی لە نێو خەڵکی کوردستاندا بکاتەوە".

لە درێژەی مەڕاسمەکەدا پەیامی فێرگەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن "خەلیل میلان دودکانلوو"  پێشکەش کرا.

پەیامی دەورەی ٢٤٧ی سەرەتایی پێشمەرگە لەلایەن بەشداربووی دەورە "یزادن فەرەهمەند" پێشکەش کرا.

ئەو دەورەیە وەک باقیی دەورەکانی دیکە دوو بەشی سیاسی و نیزامیی لەخۆوە گرتبوو.

لەو دەورەیەدا کەسانی سەرکەوتوو لە بەشی سیاسی و نیزامیدا خەڵات کران.

لە بەشی سیاسی و نیزامیدا:

"ئاسۆ ئەسعەدی''، پلەی یەکەم

''موعین بازانی"، پلەی دووەم

''ئاکۆ عەلیزادە"، پلەی سێیەم

خەڵاتیان بەدەست هێنا و لەلایەن "لوقمان عەبدوڵڵازادە" یەکێک لە فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەوە خەڵاتەکانیان پێشکەش کرا.

لە بەشی نەزم و دیسیپلیندا:

''دیلان کەریمی"، پلەی یەکەم

''مورتەزا یەگانە''، پلەی دووەم

''عیسا خالیدی''، پلەی سێیەم

خەڵاتیان بەدەست هێنا و لەلایەن "موختار سۆهرابی" بەرپرسی فێرگەی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە خەڵاتەکانیان پێشکەش کرا.

لە کۆتاییدا بەشداربووانی دەورە مانۆڕی نیزامی و شەڕی تاکەکەسییان ئەنجام دا.