کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە قوتابخانەکانی ئێران قامکی قوتابیان دەشکێنن

11:39 - 8 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: قوتابی یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری هەمەدان لە لایەن مامۆستاکەیەوە لێی دراوە کە لە ئاکامدا قامکی دەستی دەشکێت؛ مامۆستاکەی دەڵێ خۆی بەربووەتەوە و قامکی شکاوە.

عەلی وەرمەزیار، قوتابیی قوتابخانەی "ئەسیلی"ی شاری هەمەدان، به هۆی لاوازبوون لە وانەکانیدا لە لایەن مامۆستاکەیەوە دەدرێتە بەر لێدان و لەئاکامدا قامکی دەستی چەپی دەشکێت.

پاش تۆمارکردنی سکاڵا، مامۆستا و بەرپرسانی قوتابخانەکە لێدانەکە ڕەت دەکەنەوە و شکانی قامکی دەستی ئەو قوتابییە به نائەنقەست ناو دەبەن؛ ئەوان به وتنەوەی چرۆکێکی ساختە دەڵێن کە لە کاتی بەربوونەوەدا کە هۆکارەکەشی خودی قوتابییەکە بووە قامکی شکاوە.

بنەماڵەی ئەم قوتابییە، وتەکانی مامۆستاکەیان به درۆیەکی زەق دەزانن و وتوویانه کە ئەو مامۆستایە لە منداڵەکەی داوە بۆیە بەربووەتەوە و پاشان قامکی شکاوە.

لە سەرماوەزی ئەمساڵیشدا گرتەیەکی ڤیدیۆئی بڵاو کرایەوە کە تێیدا مامۆستایەک پاش لێدانی یەکێک لە قوتابییەکانی، داوا لە قوتابییانی دیکە دەکات کە لە هاوپۆلییەکەیان بدەن ؛ ئەمە لەحاڵێکدایە که بە پێی ئاییننامە ئیجراییەکان، هەرجۆرە لێدان و ئازارێکی دەروونی و فیزیکی لە قوتابخانەکان و بەرانبەر به قوتابییان تاوانە؛ بەڵام وەک دەبینین ئێستاکەش لە زۆر قوتابخانەدا منداڵان دەکەونە بەر لێدانی مامۆستاکان و بەرپرسانی قوتابخانەکان.

لێدانی قوتابیان لە قوتابخانەکان جگە لەو ئاسەوارە دەروونیانە کە بۆ هەتاهەتایە لە مێشکیاندا دەمێنێتەوە، دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ دابڕان لە خوێندن و ناتوانایی لە بڕینی تەنگ و چەڵەمەکانی ژیان.