لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش کە هێرشیان کردبووە سەر گوندی خدرجیجە لە سنووری قەرەچووخی هەرێمی کوردستان، چەند پێشمەرگەی هەرێم کەوتنە بۆسەی داعشەوە و هەموویان شەهید بوون.
حەوت پێشمەرگە لە کاتی هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە دەربازبوونی چەکدارانی داعش کە هێرشیان کردبووە سەر گوندی خدرجیجە، کەوتنە بۆسەی داعشەوە و شەهید بوون.
ناوی شەهیدەکان بریتین لە: "ڕائید نفی خولە، نەقیب فەخرەدین سەعید، کامەران پوشۆ، سەنگەر شەریف، شوکر ئەبوزێد، یاسین محەممەد و نازم عەبدوڵڵا ڕەزا".
لەم پەیوەندییەدا ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەز، لە ڕێگەی گۆپان لە نزیک کفری، داعش هێرشی کردبووە سەر پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەیەک شەهید و سێی دیکەش بریندار کران.
هەروەها ڕێکەوتی ٦ی سەرماوەز، تێرۆریستانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ هێرشیان کردبووە سەر هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و لە کاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکانیش، بۆمبێکی چێندراو بە ماشینێکی پێشمەرگەکاندا تەقیبووەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهید بوون.
لەم مانگەدا لەنێوان هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و تێرۆریستانی داعش چەندین جار شەڕ و تێکهەڵچوون هاتووەتە ئاراوە.