کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە لافاوەکانی ئێراندا ٩ کەس گیانیان لەدەست دا و خەڵک خۆپیشاندانیان کرد

13:17 - 18 سەرماوەز 2720

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی بارینی باران و هەستانی لافاو لە پارێزگاکانی ئێران چەندین کەس گیانیان لەدەست داوە و زۆربەی ڕێگاکانی هاتوچۆ داخراون و خەڵک بەرانبەر بە بێکیفایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم خۆپیشاندانیان کردووە.

"موجتەبا خالدی" وتەبێژی ڕێکخراوی ئۆرژانسی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا لە پارێزگاکانی کرمان، فارس، گیلان، سیستان و بەلووچستان، بووشێهر و هۆرمۆزگان" لافاو هەستاوە و ئاو لەنێو شەقامەکاندا کۆ بووەتەوە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندبوو کە ئاماری قوربانییانی ئەو لافاوانە گەیشتووەتە ٩ کەس کە تەنیا ٦ کەسیان لە هۆرمۆزگان بووە.

لافاو لەو پارێزگایانەدا بە شێوازێک بووە کە ئاو چووەتە نێو زۆربەی ماڵەکانیشەوە. ئەو دۆخە ناڕەزایەتیی توندی خەڵکی بەدواوە بووە و خەڵکی لافاولێدراوی خووزستان دەستیان کردووە بە خۆپیشاندان و داوای لەسەر کار لاچوونی شارەداری بەندەری ئیمامیان کردووە.

خەڵکی "سەربەندەر" لە بەرانبەر شارەداری و دادگوستەریی ئەو شارە کۆ بوونەوە و بە دروشمی "بەرپرسی بێکیفایەتمان ناوێت" داوای لەسەر کار لاچوونی بەرپرسانێک بوون کە لە ئاست ئەو لافاوەدا کەمتەرخەم بوونە.

پاش خۆپیشاندانی خەڵکی خووزستان، شارەداری ئەو شارە بە حوکمی پارێزگارەوە هەڵپەسێردراوە کە یەکێک لەو بەرپرسانەی بووە کە خەڵک داواکاری لەسەر کار لاچوونی بوونە.

بەهۆی بێکیفایەتیی بەرپرسانی ڕێژیم ژیانی خەڵکی لافاولێدراو کەوتووەتە مەترسییەوە و لەم دۆخە ئەستەمەدا خەڵک لەگەڵ مردن بەشەڕ دێن.