چالاکییە تەبلیغییەکان لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامە و خەڵکی کوردستان بە شێوەی جۆراجۆر چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە دەبەن و ئەو ڕۆژە پیرۆز دەکەن.
تێکۆشەرانی دێموکرات لە بۆکان بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانەوە چالاکییان بەڕێوە برد و ڕێزیان لە تێکۆشانی بێوچانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان گرت. ئەو چالاکییانە لە گەڕەکەکانی دەوروبەری بلواری سەقز، سەیرانگای کێوەڕەش، پردی ساحیلی و باسکۆڵی پاڵەوانی بەڕێوە چووە و ئاڵای کوردستانیان هەڵ کرد و دروشمی تایبەت بە ۲٦ی سەرماوەزیان بڵاو کردەوە.
هەروەها ئەندامانی نهێنیی حیزبی دێموکرات لە بۆکان بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز پەیامێکیان بڵاو کردەوە و لەو پەیامەدا پشتیوانیی خۆیان لە هێزی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
لە گوندی بۆڕیەر سەر بە شاری مەریوان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و پشتیوانییان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربڕی.
هەروەها لە خوڕەمئاوای لوڕستان بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگە، لە گەڕەکی "حوسێن ئاباد، بام شەهری خورەم ئاباد و قەڵای فەلەکولئەفلاک" چالاکیی تەبلیغی کراوە و ڕۆڵەکانی دێموکرات ڕایانگەیاندووە، ئەوان درێژەدەری ڕێبازی قاسملووی نەمرن.
لە نەغەدە، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز لە "دەشتی قوڕێ، کانی بوداغ، کانی مەلا، خورینج، لک بن و گەرگوول" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
لە مەهابادیش تێکۆشەرانی دێموکرات بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەوە لە "گۆگتەپە، ئیندرقاش و قوم قەڵا" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
لە بانە ڕۆڵەکانی دێموکرات بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ئاڵای کوردستانیان لە بەرزاییەکانی لە چیاکانی ئەو شارە هەڵکرد.