لە ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بەگشتی هەناردەکردنی ڕێژیمی ئێران بۆ وڵاتی "تورکیە" بەنسیبەت ٩ مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو چوار بەرابەر دابەزیوە.
ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەر، ناوەندی ئاماری تورکیە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە؛ کۆی هاوردەکردنی تورکیە لە ئێرانەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیک ٧٨٢ میلیۆن دۆلار بووە و ئەوەش لە کاتێکدایە له ٩ مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوو ئەو بڕە هاوردەی تورکیە ٣ میلیارد و ٢٨٠ ملیۆن دۆلار بووە.
پێش لە گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، تورکیە لە ٩ مانگدا بڕی ٥ میلیارد و ٧٥٠ ملیۆن هاوردەی کردبوو.
لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی شەممە، "مەهدی میرئەشرەفی" سەرۆکی گشتیی گۆمرکی ڕێژیمی ئێران وتبووی، هەناردە ئێران بۆ تورکیە لە ٧ مانگی ئەمساڵدا یەک میلیارد و ٤٨٩ ملیۆن دۆلار بووە کە ئەو ئامارە لەگەڵ ئامارەکانی وڵاتی تورکیە ناتەبا و دژ بەیەکن.