کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووەوە نرخی شتومەکە خۆراکییەکان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر بەرز بوونەتەوە

12:13 - 14 رێبەندان 2721

نوێترین ڕاپۆرتی وەزارەتی پیشە، کانگا و بازرگانیی ڕێژیمی ئیران پیشان دەدات کە نرخی برنج، شەکر و گۆشت لە مانگی سەرماوەزدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە؛ لەو مانگەدا نرخی ئەو خۆراکییانە لەنێوان ١٥ هەتا ٧٦ لەسەد بەرز بووەنەتەوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' باس لە دابەزینی نرخی هەڵاوسان دەکات و وەکوو دەسکەوت ناوی لێ دەبات.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە نرخی هەر کیلۆ شەکری سپی لە نزیکەی ٨ هەزار و ٥٠٠ تمەن لە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو بە بەراورد لەگەڵ مانگی وێکچووی ئەمساڵ گەیشتووە بە ١٥ هەزار تمەن کە لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا گەشەیەکی ٧٥.٩ لەسەدیی تۆمار کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی پیشە، کانگا و بازرگانی نرخی هەر کیلۆ برنجی "تارم" لە سەرتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ ٥٩ لەسەد بەرز بووەتەوە و لە نزیکەی ٣٣ هەزار تمەن لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو گەیشتووەتە ٥١ هەتا ٥٣ هەزار تمەن.

ئاماری وەزارەتی پیشە لە حاڵێکدایە کە ڕاپۆرتە مەیدانییەکان نرخێکی زیاتر پیشان دەدات. بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان برنجی "تارم" لە ئێستادا لە دووکانەکان کیلۆیەک بە ٦٣ هەتا ٩٢ هەزار تمەن دەفرۆشرێت.

گرانیی ئەو خۆراکییانە لە حاڵێکدایە کە ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران نرخی هەڵاوسانی لە مانگی بەفرانبار ٤٢.٤ لەسەد ڕاگەیاندووە.

چاوخشاندنێک بەسەر گۆڕانی نرخەکان پیشان دەدات کە زۆربەی خۆراکییەکان نەرخەکانیان بە شێوەی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخەکان لە حاڵێکدایە کە "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری دەستنیشانکراوی ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوە دەکات کە نرخی هەڵاوسان دابەزیوە و وەکوو دەسکەوت ناوی لێ دەبات.