کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ١٨ مانگی ڕابردوودا لە ئێران ١٢ هەزار و ٣٠٠ کەس بەهۆی ژەهراویبوون گیانیان لەدەست داوە

11:19 - 5 خەزەڵوەر 2721

''یەسنا بێمەنش'' بەرپرسی ڕێپێدان و بەکارهێنانی دروست و ئاگادارکردنەوەی بەرهەمەکانی تەندروستیی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: ''بەپێی ئاماری ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی، زیاتر لە ٨ هەزار و ٤٠٠ کەس لە ساڵی ١٣٩٩ و نزیک بە ٣ هەزار و ٩٠٠ کەس لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەهۆی چەندین شێوازی ژەهراویبوون گیانیان لەدەست داوە".

ئەو بەرپرسەی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان وتوویەتی: "دەرمانە هێورکەرەوەکان، ئازارشکێنە سڕکەر و ‌غەیرەسڕکەرەکان، لە پلەی یەکەم هەتا سێهەمی ژەهراویبوونی دەرمانیدا جێیان گرتووە".

''یەسنا بێمەنش'' باسی لەوە کردووە، بە شێوەی نێونجی ٤٠ لەسەدی ژەهراویبوونەکان کە بۆ نەخۆشخانەکان ڕەوانە کراون، بەهۆی بەکارهێنانی دەرمان بووە.

ناوبراو لەو پێوەندییەدا وتوویەتی: "بەپێی ئامارەکانی ساڵی ڕابردوو و نیوەی یەکەمی ئەمساڵ، ئەو کەسانەی کە ژەهراوی بوونە و بۆ نەخۆشاخانەکان ڕاگوێزراون، ٤٠ هەتا ٤٨ لەسەدیان هەوڵی خۆکوژییان داوە".

بەشی زۆری خەڵکی ئێران بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەسەریاندا سەپاوە، هیچ تروسکە هیوایەکیان بۆ داهاتوو نەماوە و توشی نەخۆشیی خەمۆکی بوونە و بەشێکی زۆریان ڕوو لە خۆکوژی دەکەن.