ڕاپۆرتەکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران دەریخستووە کە لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣١٩ کچی ١٠ تا ١٤ ساڵە جیابوونەتەوە و ژیانی هاوبەشیان تێک چووە.
ئاماری جیابوونەوەی کچانی ١٠ تا ١٤ ساڵە لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٣١٩ حاڵەت بووە و هەروەها ئاماری جیابوونەوە لەنێوان کچانی ١٥ تا ١٩ ساڵدا لە ٦ مانگی ڕابردوودا ٦ هەزار حاڵەت بووە.
ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە هاوینی ساڵی ٩٩دا، ٩ هەزار و ٥٨ هاوسەرگیری بۆ کچانی ١٠ تا ١٤ ساڵە تۆمار کراوە.
منداڵهاوسەری بەتایبەت لەنێوان کچاندا بووەتە بابەتێکی جێی سەرنج و باسهەڵگر.
بەپێی قسەکانی "مەعسوومە ئێبتکار" جێگری سەرکۆماری ڕێژیم لە کاروباری ژنان و بنەماڵەدا، ساڵانە ٣٠ هەزار هاوسەرگیری لەنێوان کچانی ١٤ ساڵەدا لە ئێراندا تۆمار کراوە.
هەروەها بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی منداڵبوونی دایکانی ژێر ١٥ ساڵ لە ٣ مانگەی ٢ـەمی ئەمساڵدا لە بەرانبەر لەگەڵ ٣ مانگەی یەکەمدا زیادی کردووە و لە هاوینی ٩٩دا گەیشتووەتە ٣٦٤ حاڵەت.
منداڵهاوسەری یەکێک لە دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکانە کە زیاتر بەرۆکی کچان دەگرێتەوە و هەتا ئێستاش لە ئێراندا ساڵانە سەدان کچ و بەگشتی منداڵ دەبنە قوربانیی ئەو نەریتە سەقەتە.