کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، توانای کڕینی بنەماڵەکان لە ئێران بە ڕادەیەکی بەرچاو کەمی کردووە

13:50 - 17 پووشپەڕ 2720

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئاخوندی، لە دوو ساڵی ڕابردوودا، توانای کڕینی بنەماڵەکان لە ئێران بە ڕادەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و خەڵک توانای کڕینیان نەماوە.

بەپێی ئەو ئامارە، ساڵی ٩٨ بەنیسبەت ساڵی ٩٦ توانای کڕینی خەڵک بە ڕادەیەکی بەرچاو و چاوەڕواننەکراو کەمی کردووە و هەژاری، بێکاری و هەڵاوسان هۆکاری سەرەکیی هاتنە خوارەوەی توانای کڕینی خەڵکە.

ئەو ئامارە نیشان دەدات کە نەتەنیا هەر چینی هەژار و کرێکار بەڵکوو چینی ناوەندی و سەرەوەتریش بێبەری نین لەو بابەتە و هەموو کەسێکی کۆمەڵگای بەخۆوە گیرۆدە کردووە.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت لە دوای گەمارۆ خستنەسەر ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە، دۆخی خەڵکی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر بووە و ئەم ڕەوتەش هەروا بەردەوامە.

هاتنە خوارەوەی توانای کڕینی خەڵک و بێکاری لە هەر وڵاتێکدا ڕێخۆشکەر و پێکهێنەری چەندین کردەوەی دزێوی کۆمەڵایەتییە وەک: "دزی، لەشفرۆشی، تووشبوون بە ماددە سڕکەرەکان، تەڵاق، خۆکوژی و خەمۆکی و...".

لە کوردستان و ئێران بەهۆی نەبوونی بەڕێوەبەری، سیستەمی هەڵاواردن و هەژارهێشتنەوەی خەڵک، ئەو وڵاتە لە ڕیزی هەژارترین و بێکارترین وڵاتانی جیهانە.