کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٣ ساڵدا حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاری لە ئێران دوو بەرابەر بووەتەوە

12:19 - 11 خەزەڵوەر 2721

''فەرشاد مۆئمێنی'' بەرپرسی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی ئایین و ئابووری بە سەرنجدان بە توێژینەوەکانی ئەم دواییانە هۆشداریی داوە کە پەرەگرتنی خێرای حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاری لە ئێران گەیشتووەتە قۆناغی سەرسامی.

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەزەڵوەر ناوبراو لە دانیشتن لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسان و توێژەرانی دامەزراوەی باڵای توێژینەوەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی باسی لەوە کرد کە دۆخی گوندەکان لەو بوارەوە زۆر خراپتر لە شارەکانە.

جێگریی وەزارەتی تەعاون و کار و بژێویی کۆمەڵایەتی بە پشتبەستن بەو لێکۆڵینەوەیە ڕایگەیاندبوو کە هەتا ساڵی ڕابردوو ٢٦ ملیۆن کەس لە ئێران لە هەژاریی ڕەهادا ژیان دەکەن.

جێگریی ئەو ناوەندەی ڕێژیم وتوویەتی، بە سەرنجدان بە بەرزبوونەوەی نرخەکان، زیاد نەکردنی گونجاوی حەقدەستەکان و بێکاریی نزیکەی ٢ ملیۆن کەس بەهۆی کۆرۆنا، حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاری تا کۆتایی ساڵ دەگاتە ٣٠ ملیۆن کەس.

بەرپرسی دامەزراوەی لێکۆڵینەوەی ئایین و ئابووری بە ئاماژەدان بەوەیکە کۆمەڵگەی ئێران لە ڕەهەندە جیاوازەکانەوە زۆر لاواز بووە، باسی لەوە کردووە کە یەکێک لە ڕەهەندەکان پەراوێزنشینییە کە لە ئێستادا ڕێژەی حەشیمەتی پەراوێزنشین زیاتر لە ٢٥ لەسەدی حەشیمەتی ئێران پێک دێنێت.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە پەرەگرتنی ڕێژەی هێڵی هەژاری لە مێژووی سەد ساڵەی ئێراندا بێوێنە بووە و هەر بۆیە پێویستە لە دەیان گۆشەوە کاری لەسەر بکرێت.

وەزارەتی کار لە ڕاپۆرتێکی نوێدا بڵاوی کردووەتەوە کە بەپێی هەڵسەنگاندنی یەک دەیەی ڕابردووەوە بەکارهێنانی گۆشت و برنج بە شێوەی نێونجی نیوە بووە و بەکارهێنانی شیرەمەنیش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا نزیک ٤٠ لەسەد بووە و نرخی ژمارەیەک لە خۆراک وەکوو برنج، مریشک، گۆشتی سوور و ماسی بەنیسبەت مانگی وێکچووی ساڵی ڕابردوو نزیک بە ٥٠ لەسەد بەرز بووەتەوە.