کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٤٠ ساڵدا ڕێژیمی ئێران دووەمین نرخی هەڵاوسانی گەورەی تۆمار کرد

12:32 - 3 خاکەلێوه 2721

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵ دەسەڵاتی ملهۆڕانەیدا مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩ دووەمین نرخی هەڵاوسانی گەورەی لە مێژووی پێکهاتنیدا تۆمار کرد و نرخی هەڵاوسان تەنانەت بوو بە ٣ ژمارەیی.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی بەکارهێنەر لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩دا بەنیسبەت مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨ی هەتاوی، ٤٨.٧ لەسەد و نرخی هەڵاوسانی ساڵانە ٣٦.٤ لەسەد و نرخی هەڵاوسانی هەندێک لە ماددە خۆراکییەکان هەتا ١٠٥ لەسەد گەیشتووە.

دەوڵەتی "حەسەن ڕووحانی" جگە لە تێپەڕین لە نرخی هەڵاوسانی چاوەڕوانکراو لەلایەن سندووقی نێونەتەوەیی پارەوە، پلەداری دووەمین نرخی هەڵاوسانی ساڵانەشە لە ماوەی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێراندا.

هەروەها ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵی گرووپە خۆراکییەکانی لە ڕەشەمەی ساڵی ٩٩دا بەنیسبەت ڕەشەمەی ساڵی ٩٨ بەرانبەر لەگەڵ ٦٧ لەسەد، کەرەستەی نێوماڵ و مۆبل ٦٨ لەسەد، کاڵا بەدەوامەکان ٨٤ لەسەد، پێڵاو و جلوبەرگ ٥٢ لەسەد، هاتوچۆ ٥٤ لەسەد و تەندروستی و دەرمان ٤٠ لەسەد ڕاگەیاندووە.

لە گرووپی خۆراکییەکاندا وەک گرووپیک کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر بژێویی ژیانی خەڵک بەتایبەت دەهەکە کەمداهاتەکان دەبێت، بەرزترین نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لەسەر ڕۆنەکانە و لە ڕەشەمەی ساڵی ٩٩دا نرخی هەڵاوسانی گەیشتووەتە ١٠٥.٩ لەسەد.

ڕێژیمی ئێران پاش گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر وڵاتەکەی، زەخت و گوشاری ئەو گەمارۆیانەی خستە سەر خەڵک تا خۆی لە گوشاری قەیرانە ئابوورییەکان دەرباز بکات.