کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ٥٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی کوردستان و ئێران بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە

11:26 - 14 سەرماوەز 2721

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی ڕێژیمی ئێران، لە ٦ مانگی سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا بە شێوەی نیوەنجی ڕۆژانە ٤٦.٥ کەس لە ئێران و کوردستان بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها لە نیوەی ئەمساڵدا ٨ هەزار و ٦٤٤ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە کە بەنیسبەت ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوو ٩.٦ لەسەد بەرزبوونەوەی هەبووە و یەکێک لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدان بە ڕووداوی هاتوچۆ لە کوردستان و ئێران، ناستانداردبوونی ڕێگاوبانەکانە و نەبوونی کوالێتیی ماشینەکانیش یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەیە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان و ئێران لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا نزیک بە ٥٠٠ هەزار کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە.

"جەواد نۆ فورسەتی" بەڕێوبەری گشتیی ئەنجومەنی کۆمەڵگەی پارێزراو وتوویەتی: "ڕێکخراوی بەرنامە و بودجە، ١٠ ساڵە بودجەی یاسایی بۆ پارێزگاری لە ڕێگاکان و پەرەپێدانی کولتووری ترافیک و پەروەردە و بارهێنان نەداوە".

ڕێژیمی ئێران لە کوردستان هیچ گرینگییەک بە بواری خزمەتگوزاری و ڕێگاوبان نادات و ڕۆژانە بەو هۆیەوە خەڵکێکی زۆر لە پارێزگاکانی کوردستان گیانیان لەدست دەدەن.