کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو پێنج هەزار پەرستار لە ئێران لەسەر کارەکانیان دەر کراون

17:52 - 26 بانەمەڕ 2722

''محەممەد میرزابەیگی'' بەرپرسی ڕێکخراوی نیزامی پەرستاریی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی بانەمەڕ، دانی بەوەدا نا کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو، ٥ هەزار پەرستار لە نەخۆشخانەکانی ئێران لەسەر کارەکانیان دەر کراون.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم لە پرێسکۆنفڕانسێکدا باسی لەوە کردبوو کە کەمیی ١٠٠ هەزار پەرستار لە ئێران هەیە و دانی بەوەدا نا کە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوو ٥ هەزار پەرستار لە نەخۆشخانەکانی ئێران لە کاتی تەشەنەکردنی کۆرۆنا کە سەرقاڵی کار بوون، دوای کەمبوونەوەی کۆرۆنا گرێبەستەکەیان لەگەڵ درێژ نەکراوەتەوە.

دانپێدانان بە دەرکردنی ٥ هەزار پەرستار لە حاڵێکدا لەلایەن ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ڕادەگەیەندرێت کە بە وتەی ناوبراو ڕێژەی پەرستاران لە ئێران لەگەڵ ستانداردەکانی جیهان جیاوازیی زۆری هەیە. ناوبراو لەبارەی ئەو ڕێژەیە لەگەڵ ستانداردەکانی جیهانی وتی: ''دەبێ لە بەرامبەر هەزار نەخۆش ٤ پەرستارمان هەبێت کە ئەو ستانداردە لە ئێران لەبەرچاو نەگیراوە".