کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ٣٠ لەسەدی خواردنگەکانی تاران مایەپووچ بوون

11:19 - 19 سەرماوەز 2721

بە وتەی "عەلی ئەزغەر میرئیبراهیمی" سەرۆکی یەکیەتیی خواردنگەکانی "تاران"، تەنیا لە دوو سێ مانگی ڕابردوودا ٣٠ لەسەدی خواردنگەکانی ئەو شارە مایەپووچ بوون.

بە وتەی ناوبراو هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، بیمە و ماڵیاتی خاوەن خواردنگەکانیش زیادی کردووە و ئەو بابەتە بووەتە هۆی ئەوەی کە لەگەڵ کێشەی جیدی بەرەوڕوو ببنەوە و زۆربەیان پێشەی خواردنگە بەجێ بهێڵن و ڕوو لە پیشەی دیکە بکەن.

لەلایەکی دیکەوە بارودۆخی سمسارییەکانیش لە خواردنگەکان باشتر نییە و بەپێی ڕاپۆرتی ئەو هەواڵدەرییەی سەر بە ڕێژیم، هەموو پیشەکان بە شێوەیەک ڕاوەستاون و خەڵک چاوەڕێی ئەوەن هەتا بزانن ئابووریی ئێران بەرەو چ ئاقارێک دەڕوات.

هەر لەو پەیوەندییەدا "هومەن حەیدەر ئاقا" جێگری سەرۆکی یەکیەتیی سمسارییەکان وتوویەتی: "بەرجام کاریگەرییەکی کەمی لەسەر ئابووریی ئێمە نییە و خەڵک تەنانەت توانای کڕینی کەلوپەلی کۆنیشیان نییە".

ناوبراو ئاماژەی بە بازاڕی دراو کردووە و باسی لەوە کردووە کە نرخی ٣١ هەزاریی دۆلار کاریگەریی لەسەر هەموو بەشەکانی کار و پیشە داناوە و ڕێژەی کڕین و فرۆشتنی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە.