کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا ٢٢٦ کەس بەهۆی کۆرۆنا لە کوردستان و ئێران گیانیان لەدەست داوە

11:35 - 11 رەشەمه 2721

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی شەو و ڕۆژی ڕابردوودا، ٢٢٦ کەس بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە و لە ئێستادا چوار هەزار و ٢٧ کەس بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆنا لە بەشی چاوەدێریی تایبەتدا خەوێندراون.

لە کاتی گشتگیریی کۆرۆناوە هەتا ئێستا ١٣٧ هەزار کەس لە کوردستان و ئێران گیانیان لەدەست داوە.

"مەسعوود مەردانی" ئەندامی کۆمیتەی زانستیی ئێران دژی کۆرۆنا وتوویەتی، نەخۆشانێکی زۆر لە بەشی "ئای، سی، یوو"ی نەخۆشخانەکاندا خەوێندراون کە بارودۆخی تەندروستییان زۆر خراپە.

ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی، ئەگەری هەیە ئەو ڕەوتە هەتا دوو حەوتووی دیکەش درێژەی هەبێت.

سەرەڕای ئەوەیکە "مەردانی" خۆی دانی بەوەدا ناوە کە لە ئێستادا کۆرۆنا دۆخێکی خراپی لە کوردستان و ئێراندا دروست کردووە، بەڵام دیسانیش وتوویەتی، ڕێژەی تووشبوون بە ئۆمیکرۆن بەرەو کەمی دەڕوات.

لە حاڵێکدا کە هاووڵاتییان هەتا ئێستا دۆزی سێیەمی کۆرۆنایان بە تەواوی لێ نەدراوە، وەزارەتی تەندروستیی ئێران بەرهەمهێنانی بەپەلەی واکسەنی نوێی کۆرۆنای داوە کە دەبێتە شەشەمین بەرهەمی نێوخۆیی ئێران.

وەزارەتی تەندروستیی ئێران هەتا ئێستا بەڵگەیەکی زانستی لە هیچ یەک لەو واکسنانەی کە بەرهەمی نێوخۆیین بڵاو نەکردووەتەوە.