کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ١٧ ڕۆژدا ٥٦ کەس لە ئێران ئێعدام کراون

15:30 - 10 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: ڕەوتێکی نوێ لە ئێعدامەکان لە ئێران دەستیان پێکردووە و تەنیا لە ماوەی ١٧ ڕۆژدا ٥٦ کەس لە زیندانەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون، کە بۆ هەر ڕۆژێک دەکاتە نیزیک بە ٤ کەس.

هەواڵدەریی هەرانا بڵاوی کردەوە؛ ئەم ئێعدامانە لە شارەکانی شاهروود، گۆرگان، کەرەج، ورمێ، میناب، شیراز و تەورێز ئەنجام دراون.

بە وتەی چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤ، ئەم ڕێژە لە ئێعدامەکان لە وەها ماوەیەکی کورتی زەمەنیدا لە ٢ ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە.

هەر لەم پێوەندییەدا سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٨ی ڕەزبەر، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ٨ کەس ئێعدام کران کە سەرجەم ئەو زیندانیانە کورد بوون.

تۆمەتی وەپاڵ دراوی ئەم ئێعدام کراوانە بریتییە لە؛ قاچاغی ماددە سڕکەرەکان، دزی، قەتڵ، و دەستدرێژی.

ساڵی ڕابردوو لێبووردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە بەرزبوونەوەی زۆرـی ڕێژەی ئێعدامەکان لە ئێراندا نیگەرانیی خۆی دەربڕی و ئەو دادگایانەی کە ئەم حوکمانە دەر دەکەنی بە ناسەربەخۆ و لاگیر وەسف کرد.

بە گوتەی ئەو ڕێکخراوە، ئێران ساڵی ڕابردوو، پاش چین دووهەمین وڵات لە بواری ئێعدامدا بووە.