ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ئاماری تووشبووانی کۆرۆنای بڵاو کردووەتەوە کە بەو چەشنەیە: "لە ماوەی یەک شەو و ڕۆژی ڕابردوودا ٤٦١ کەس گیانیان لەدەست داوە و کۆی گشتیی قوربانییانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە ٤٠ هەزار و ٥٨٢ حاڵەت".
"سادات لاری" وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "لە ئێستادا ٢٧ پارێزگای ئێران دۆخی سووریی کۆرۆنایان هەیە و کۆی گشتیی تووشبووانی کۆرۆنا گەیشتووەتە ٧٣٨ هەزار و ٣٢٢ کەس".
ناوبراو باسی لەوە کردووە، لەو ڕێژەیەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران، ٥ هەزار و ٦٣٠ کەسیان دۆخیان خراپە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.
"ئیرەج حەریرچی" جێگری وەزیری تەندروستیی ڕێژیم وتوویەتی: "لە حەوتووی داهاتوودا ڕەوتی تووشبووان و قوربانییانی کۆرۆنا لە ئێران دوو بەرابەر دەبێتەوە".
هەروەها لە پارێزگای "ورمێ" بەهۆی دۆخی سوور و پەرەسەندنی زیاتری کۆرۆنا، بۆ حەوتوویەکی دیکە قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەندرا.