کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ٦ قوتابی لە شاری "ڕامهۆرمۆز" خۆیان کوشتووە

11:09 - 27 خەزەڵوەر 2720

بە خۆکوژیی قوتابییەکی دیکەی تەمەن ١٥ ساڵ لە شاری ''ڕامهۆرمۆز''، ژمارەی ئەو قوتابییانەی کە لە مانگی ڕابردوودا لەو شارە بەهۆی نەبوونی مۆبایل خۆیان کوشتووە، گەیشتە ٦ کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ''عەسری جنووب'' ئەم قوتابییە کچە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢٢ی خەزەڵوەر، بەهۆی نەبوونی مۆبایل بۆ درێژەدان بە خوێندن خۆی هەڵواسیوە و لە یەک مانگی ڕابردووەوە ٥ خۆکوژیی هاوشێوە لەو شارە ڕوویداوە.

''ڕۆستەمی'' بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ''ڕامهۆرمۆز'' هۆکاری ئەو ڕووداوە تاڵەی بۆ ''کێشەی بنەماڵەیی، دەمارگرژیی کوێرکوێرانە، هێرش بۆ سەر ڕوانگە و سۆزەکانیان و وڵام نەدانەوە بە پێداویستییەکانیان'' گەڕاندووتەوە.

ناوبراو وتوویەتی کە لە ٢٧ هەزار قوتابیی ''ڕامهۆرمۆز'' لانیکەم ٤ هەزار قوتابی مۆبایلیان نییە و ناتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.

لە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران، خوێندن لە قوتابخانەکانی ئەو وڵاتەدا بە شێوەی ئانلاین و لە ڕێگەی مۆبایل و تەبلێتەوە بەڕێوە دەچێت.

بەهۆی گرانی و چوونەسەرەوەی نرخی ئامێرەکانی پەیوەندیگرتن وەک مۆبایل، لەپ تاپ، تەبلێت و دەستپێڕانەگەیشتنی قوتابییان بەو ئامێرانە، هەزاران قوتابی، بەتایبەت قوتابییانی ناوچە پەراوێزخراوەکان، ناچار بوونە واز لە خوێندن بێنین، هەروەها زیاتر لە دەیان قوتابی لە شارەکانی کوردستان و ئێران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.