کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٤٤ بەهایی لە ئێران بانگهێشت، دەسبەسەر و زیندانی کراون

18:07 - 14 پووشپەڕ 2722

"کۆمەڵەی جیهانیی بەهایی" لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆی باسی لە بەرزبونەوە و بەردەوامیی گوشارە ئەمنییەکان لەسەر هاووڵاتییانی بەهایی کردووە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتە گوشارە ئەمنییەتییەکان بە شێوەی جیاواز لە سەراسەری ئێران هەڕەشە لە بەهاییەکان دەکات.

کۆمەڵەی جیهانیی بەهایی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی پێشێلکردنی مافی بەهاییەکان لە ئێران، باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٤٤ بەهایی بانگهێشت، دەسبەسەر و زیندانی کراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرته، لەگەڵ دەسبەسەری، دادگایی و زیندانیکردنی لانیکەم ١٨ هاووڵاتیی بەهایی له سەرتاسەری ئێران له ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا، هەڵمەتی سیستماتیکی ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی کەمینەی ئایینی بەهایی جارێکی تر خێراتر بووەتەوه.

هاوکات، سەدان کەسی دیکەش چاوەڕێی بانگهێشت بۆ دادگا یان زیندانیکردن دەکەن، کۆمه‌ڵە‌ی جیهانیی به‌هایی پێی وایه‌ که‌ زیادبوونی ده‌سبەسەری و زیندانیکردن له‌ چه‌ند حەوتووی ڕابردوودا ده‌سپێکی لاپه‌ڕه‌یه‌کی پڕ لە نیگه‌رانی له‌ سه‌رکوتی به‌هاییه‌کانی ئێران نیشان دەدات.

''بانی دوگال''، نوێنەری باڵای کۆمەڵەی جیهانیی بەهایی لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پێوەندی لەگەڵ زیادبوونی گوشاری ئەمنی بۆ سەر کەمینەی ئایینی بەهایی لە ئێران وتی: "حەوتوویەک نییە کە بەهاییەکانی ئێران لە دەسبەسەرکردنی نوێ و بانگهێشتکردن بۆ زیندان و جۆرەکانی تری ئازاردان لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە لە ئەماندا بن، ئێمە زەنگی هۆشداری لێ دەدەین، لە ئێستادا بەنیسبەت ساڵانی ڕابردوو بەهاییەکان تووشی خراپترین هێرشە سیستماتیکەکان دەبن".