کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مێترۆی تاران دوو هەزار منداڵی کار بوونیان هەیە

12:11 - 30 خەزەڵوەر 2721

بەرێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی بێهزیستیی پارێزگای تاران باسی لەوە کردووە کە سەدان منداڵی کار شوێنی کاری خۆیان لە شەقامەکانی تاران بۆ نێو بازاڕ و مێترۆی ئەو شارە گواستووەتەوە و لە ئێستادا ژمارەیان دەگاتە نزیک بە دوو هەزار کەس.

بەڕێوەبەری بێهزیستیی تاران بەبێ هیچ بەڵگەیەک وتوویەتی کە ٨٢ لەسەدی منداڵانی کار خەڵکی وڵاتانی دیکەن.

ئەو قسانەی ناوبراو لە حاڵێکدایە کە بە وتەی بەرپرسی ئەنجومەنی ئاریکارانی کۆمەڵایەتیی ئێران، زیاتر لە ٨٠ لەسەدی منداڵانی کار بەهۆی هەژارییەوە کار دەکەن و هەتا ئێستا ئامارێکی ورد لە منداڵانی کار لە ئێران بوونی نییە.

بەپێی یاسای کار لە ئێران، کار بۆ منداڵانی ژێر ١٥ ساڵ قەدەغەیە، بەڵام بەهۆی پەرەگرتنی هەژاری و تاوانە سیستماتیکەکان، ئەو یاسایە لەبەرچاو ناگیردرێت.

بەرپرسی ئەنجومەنی ئاریکارانی کۆمەڵایەتیی ئێران باسی لەوە کردبوو کە پشتیوانیی ماڵیی ڕێکخراوەکان لە منداڵانی کار، لە ڕێژەی داهاتی ئەو منداڵانە کەمترە.

ڕاپۆرتی نوێی وەزارەتی کاری ڕێژیمی ئێران کە کۆتایی مانگی ڕەزبەر بڵاو بووەوە پیشان دەدات کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی حەشیمەتی ئێران لە هەژاریی ڕەها ژیان دەکەن، بۆیە زۆرێک لە بنەماڵەکان ناچارن بۆ بژێویی ژیانیان منداڵەکانیان بنێرن بۆ کارکردن.