کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مەریوان بڕینی دارستانەکان دەستی پێکردووەتەوە

11:48 - 20 سەرماوەز 2720

تێکدان و بڕینی داری دارستانەکان لە مەریوان دەستی پێکردووەتەوە و ئەم جارە بە شێوەیەکی بەربڵاوتر بە تایبەتی لە دەورووبەری "نێ" دەست بە بڕینی دارستانەکان کراوە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کەسانی هەلپەرەست و سەر بە ڕێژیم دەست لە داربڕین هەڵناگرن و درێژە بە کاولکاریی دارستانەکان دەدەن.

چالاکێکی ژینگەپارێزیی خەڵکی مەریوان، دەڵێت: "ڕێژیم بە گشتی و سپای پاسداران و دەستوپەیوەندییەکانیان بەتایبەتی، ڕاستەوخۆ لە بڕینی ئەم داربەڕووانەدا دەستیان هەیە. هەرچەند ڕێژیم خەڵک تاوانبار دەکات، بەڵام خەڵکی ئاسایی لە وەها شوێنێکی بەرچاودا، دەست بۆ وەها کارێک نابەن".

پرۆسەی کاولکردنی ژینگەی کوردستان لەلایەن داگیرکەرەوە، هەندێک بەرژەوەندیخوازی خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانیشی تێوەگلاوە و مافیاکانی "زەمین‌خاری" لەم پرۆسەیەدا، دەستیان هەیە.

سووتاندنی دارستانەکان، بڕینی دار و فرۆشتنیان لە بازاڕەکانی شارەکانی ئێراندا، بڕینی دار بۆ خەڵووز، لەنێوبردنی دارستان بۆ دروستکردنی باخ و...، لەو چالاکییەن کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە کوردستاندا پەرەی سەندووە و خەڵک، ڕێژیم و سپای تێرۆریستی پاسداران لە هەموویاندا، بە تاوانباری سەرەکی دەزانن.