"نووری حەمە عەلی" فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕۆژاوای شاری کەرکوک، ئێواری ڕۆژی هەینی ١٧ی بەفرانبار بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: "چەند مووشەک ئاراستەی ناوچەی پردێ لەنێوان کەرکووک و هەولێر کراون، بەڵام زیانی گیانیی نەبووە".
"حەمە عەلی" باسی لەوەش کرد کە ئامانجی ئەو هێرشە مووشەکییانە هێزی پێشمەرگە بووە.
هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە لەو پەیوەندییەدا ڕاگەیەندراوێکی دەر کردووە و وتوویەتی: "ئەو مووشەکانە لە ڕۆژهەڵات و باشووری ناوچەی پردێ بە شێوەی هەڕەمەکی هاویشتراون و لە دەرەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە کەوتوون و هیچ سەنگەرێکی پێشمەرگەیان نەپێکاوە و زیانی گیانی و مادیی نەبووە".
لە ڕابردوودا چەند جار سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە کراونەتە ئامانج.
هەتا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیاریەتیی ئەو هێرشەی وەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە کە لانیکەم بە ٨ ڕاکێت ئەو هێرشە ئەنجام دراوە.