کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ناوەندەکانی دەنگوڕەنگی ڕێژیم بەردەوام بێڕیزی بە پیرۆزییەکانی سونییە مەزهەبەکان دەکرێت

12:48 - 5 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران و بەرپرسانی کە بەردەوام دەم لە یەکیەتیی لایەنگرانی مەزهەبی شێعە و سونی دەدەن، بەردەوام لە ناوەندی دەنگوڕەنگی ئەم ڕێژیمە بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی لایەنگرانی سونی مەەزهەب دەکرێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە کاناڵی ٥ی ڕێژیمی ئێران، یەکێک لە نەوحەخوێنەکانی سەربە ڕێژیم، لە کاتی نەوحەخوێندیدا بێڕێزی بە کەسایەتییە مەزهەبییەکانی ئەهلی سونەت کردووە، کە ناڕەزایەتیی سونییەکانی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە.

ناوەندە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم وا پیشان دەدەن، کە کاردانەوەی جیاجیا لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیم لە بەرانبەر ئەم بێڕێزییە هاتووەتەوە ئاراوە و ناوەندی دەنگوڕەنگی ڕێژیمیش داوای لێبوردنی لە سونییەکانی ئێران کردووە و پاساوی ئەوەیان بۆ ئەو بێڕزییە هێناوەتەوە، کە گوایە ئەو کەسە نەزان و تێنەگەیشتووە کە تووشی ئەو کارە بووە، بەڵام ئەمە یەکەمجار نییە کە شتی وا دێتە ئاراوە، بەڵکوو چەندین جاری دیکە لە لایەن ئاخوندە پلەبەرزەکانی ڕێژیمەوە بێڕێزی بە خولەفای ڕاشدین کراوە، کە جێی ڕێزی سونییەکانن.

پاساو و داوای لێبوردنکردنی لە سونییەکانی ئێران، لە لایەن ناوەندی دەنگوڕەنگی ڕێژیمەوە، تەنیا بۆ پێشگرتن لە ئەگەری ناڕەزایەتیدەربڕینی سونییەکانە، کە لەوەها کات و ساتێکی هەستیاردا کە ڕێژیمی ئێران لە هەموو بارێکەوە گوشاری لەسەرە و خەڵکی ئێران تەنیا چاوەڕوانی چووکەترین ناڕەزایەتین، هەتا چەخماخەی ڕاپەڕین لێ بدرێت.

ناوەندی دەنگوڕەنگی ڕێژیم، کە ڕاستەوخۆ لە ژێر چاوەدێریی خامنەییدایە و پاساو بۆ وەها بێڕێزیگەلێک دێنێتەوە، بۆچی هەتا ئێستە لە کاناڵەکانی ئەو ناوەندە بەهەڵە بێڕێزییەک بە پیرۆزییەکانی مەزهەبی شێعە نەکراوە!؟ یان تەنانەت چووکەترین ڕەخنە لە کۆماری ئیسلامی بەهەڵە لە ڕاگەیندنەکانی ڕێژیمدا بڵاو نەبووەتەوە!؟