کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نێوان خەڵک و بەرپرسانی کانگای پاشبڵاغ تێکەڵچوون ڕووی دا

13:51 - 14 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: هاتووچۆی لەڕادەبەر و خێرای بەرپرسانی کانگای پاشبڵاغ، لە ڕێگەی نۆباردا، بووەتە هۆی لەنێوچوونی ڕێگاوبانەکان، کە لە ئاکامدا شەڕ و تێکەڵچوونی نیوان خەڵک و کانگاچییەکانی لێ کەوتەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لەم بارەوە ڕایگەیاندووە: ڕۆژی ڕابردوو، ١٣ی بانەمەڕ، خەڵکی نۆبار و بەرپرسانی کانگا پێکەوە دەرگیر بوون و دوو کەس لە کانگاچییەکان بریندار بوون.

ناوبراو، هۆکاری ئەم تێکەڵچوونە بۆ ڕێگریکردن لە هاتووچۆی ماشینەکانی کانگاکە لە لایەن خەڵکەوە گەڕاندووەتەوە و وتوویەتی: هاتووچۆی زۆری ماشینەکانی کانگای ئاسنی گوندی قرالی، شەو و ڕۆژ لە ڕێگای نۆبارەوە بووەتە هۆی لەنێوچوونی ڕێگای ئەم گوندە؛ خەڵکی ئەم گوندە بە درێژایی ئەم ساڵانه ڕایانگەیاندووە، کە ئەم ماشینانە مافی هاتووچۆکردن لەم ڕێگایەیان نییه، چونکە هاتووچۆی زۆریان بووەتە هۆی لەنێوچوونی ئاسفاڵتی ڕێگاکە و بووەتە ڕێگای خاکی. لە لایەکی تریشەوە، لەبەر هەبوونی ئەم هاتووچۆوانە، خەڵک ناتوانن مەڕوماڵاتەکەیان بە خەیاڵی ئاسوودەوە ببەنە دەرەوە.

ناوبراو هەروەها وتی: تێکەڵچوونەکەی ڕۆژی ڕابردووش هەر سەبارەت بەم بابەتە بووە کە خەڵک پێشیان بە ماشینەکان گرتووە، بەڵام شۆفێرەکان لە جیاتی وتووێژ و چارەسەرکردنی کێشەکە، دەستیان بە جنێودان کردووە، لە بەرانبەردا خەڵکیش لێیان داون و یەکێک لەم شۆفێرانە بە هۆی برینداربوونەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

بە وتەی هەواڵنێری کوردستان میدیا، خاوەن کانگاکە بە ناوی سەلاح، باسی لەوە کردووە، کە ئەوە ڕێگای خۆمە و من لەوێوە تێدەپەڕم.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، کە ئەو ڕێگایە لە بەرانبەر بڕە پارەی ١٠ میلیۆن تمەن بە خاوەنی کانگاکە فرۆشراوە و وتوویەتی: ماوەیەکی دیکە کانگای تەرەغەش کە کانگای بەردی پلیکانە، دەست بە کار دەبێت و هەر ئەم کێشانە ڕوو دەدەن.