کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە نەخۆشخانەکانی کوردستان کاری پزیشکی بەربەرستی بۆ دروست دەکرێت

11:21 - 20 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە درێژەی سیاسەتە دژی مرۆییەکانی خۆیان و بیری چەقبەستووییان ئیزن نادەن پزیشکان لە نەخۆشخانەکانی کوردستاندا کاری تیماریکردنی نەخۆشەکان ئەنجام بدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە درێژەی سیاسەتەکانی دژی خەڵکی کوردستان و هەڵاواردنی ڕەگەزی لە ئێراندا، لەنەخۆشخانەیەکی شاری مەهاباد لە زۆربەی بەشەکاندا ڕەگەزی مێینە و نێرینەی لێک جیا کردووەتەوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوەش کرد، ساڵانی پێشوو پەرستارانی ژن لە بەشی تایبەت بە پیاوانیش کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا بە تەنیا پەرستاری پیاویان بۆ  داناوە،کە هاوکات پیاوانیش ئیزنی کاریان لەبەشی ژناندا نییە.

یاسای جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە ئێراندا لە سەردەمی سەرکۆماری پێشووی ڕێژیم، "مەحموود ئەحمەدی نژاد" هاتە گۆڕێ وئەو یاسایە لە سەرجەم دام ودەزگا و ئیدارەکانی ڕێژیم کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

یاسای جیاکردنەوەی ڕەگەزی لە ئێراندا ڕەخنەی توندی چالاکانی بواری مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران پرسی مافی مرۆڤ بە پرسێکی ئەمنییەتی ناوزەد دەکەن.

ڕێژیمی ئێران بە گرتنەبەری ئەم چەشنە سیاسەتە تەنیا فەزای کوردستان زیاتر ئەمنییەتی دەکات و هەڵسوکەوتی خەڵک زیاتر دەخاتە ژێر چاودێرییەوە.