
دوکتور "جەلال جەلالەت" پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو کە لە نەخۆشخانەی شاری "سەردەشت" خەریکی پزیشکییە کورتە ڤیدیۆیەکی بڵاو کردووەتەوە کە لەودا دەڵێت بەشێک لە دەوا و دەرمانە گرینگ و پێویستەکان بۆ نەخۆشەکان لەو نەخۆشخانەیە دەست ناکەوێ.
ناوبراو ڕەخنەی توندی لە بەرپرسانی ئەو شارە و پارێزگاری پارێزگای "ورمێ" گرتووە و داوای کردووە بە هاواری خەڵکی بێبەشی"سەردەشتـ"ـەوە بێن.
لەو کورتە ڤیدیۆیەدا باس لە بارودۆخی نالەباری نەخۆشێک دەکات کە تووشی خوێنبەربوون بووە.
دۆخی نالەباری ئەو نەخۆشە بۆ نەبوونی دەرمانی گرینگ و هاوکات وەرنەگرتنی لەلایەن نەخۆشخانەی شارەکانی دیکە بەهۆی قەرزداربوونی لەڕادەبەدەری نەخۆشخانەی "سەردەشت" و نەبوونی هاوکاریی شیرکەتە دەرمان سازەکان گەڕاندووەتەوە.
هەلومەرجی ئەو نەخۆشخانەیە هەتا ئاستێک خراپ و قەیراناوییە کە ئەو پزیشکە بۆ ڕزگاری گیانی نەخۆشەکان فیلم لە خۆی دەگرێ و گلەیی لە بەرپرسان دەکات.
کەمتەرخەمیی بەرپرسان و نەبوونی خزمەتگوزاریی لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا بوونەتە هۆکارێک کە زۆربەی پزیشکە خۆجێی و ناخۆجێیەکان ئەو شارە جێ بهێڵن.
"سەردەشت" شارێکی کیمیایی لێدراوە و خەڵکێکی زۆری کێشەی هەناسەدانیان هەیە و بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەوڵێک لە ڕاستای چارەسەریی کێشەکانی ئەو شارە نادەن و پشت گوێیان خستووە.