کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هاوینی ئەمساڵدا ٩ هەزار کچی تەمەن ١٠ هەتا ١٤ ساڵ ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە

16:50 - 13 رێبەندان 2720

ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە  لەماوەی هاوینی ساڵی ٩٩ی هەتاویدا بەگشتی ٩ هەزار و٥٨ کچی تەمەن ١٠ هەتا ١٤ ساڵ پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیان بە شێوەی فەرمی تۆمارکراوە.

هەروەها کاربەدەستانی ڕێژیم باسیان لەوە کردووە کە لەو ماوەیەدا ١٨٨ حاڵەتی جیابوونەوەی کچانی تەمەن ١٠ هەتا ١٤ ساڵ تۆمار کراوە.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا مەسەلەی منداڵهاوسەری باسی زۆری لەسەر کراوە و کۆمەڵێک لە نوێنەرانی ڕێژیم لە مەجلیس هەوڵیان داوە تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بگۆڕن، بەڵام ئەو هەوڵەیان لەگەڵ دژایەتیی ئاخوندەکان بەرەوڕوو بووەتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا گەڵاڵەی "پێشگرتن بە منداڵهاوسەری" لە ساڵی ٩٧ی هەتاویـ"ـدا لە کۆمیسیۆنی دادوەریی مەجلیسدا ڕەد کرایەوە.

"مەعسوومە ئیبتکار" ڕاوێژکاری سەرکۆماری ڕێژیم بۆ کاروباری ژنان، باسی لەوە کردووە کە ساڵانە ٣٠ هەزار کچی تەمەن ژێر ١٤ ساڵ ژیانی هاوبەش پێک دێنن.

بەپێی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، کە لەسەر بنەمایەکی ئیسلامییە، تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی بۆ کچان ٩ ساڵ و بۆ کوڕان ١٥ ساڵ دیاری کردووە کە ئەو یاسایە بەپێجەوانەی جاڕنامەی جیهانیی مافی منداڵانە .