کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە "هۆتێل هالە"ی شاری بانە کۆڕێکی پەردەلادان لەسەر چەندین کتێب بەڕێوە چوو

12:12 - 14 رەشەمه 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی لەلایەن "ئەنجومەنی ئەدەبیـ"ـی شاری بانە کۆڕێکی پەردەلادان بۆ چەندین کتێبی نووسەر و شاعیری ئەو ئەنجومەنە بەڕێوە چوو.

ئەو کتێبانەی کە لەو کۆڕەدا پەردەیان لەسەر لادرا بریتی بوون لە:

چوار کتیبی "ک.د.ئازاد" بە ناوەکانی: فڕینێکی بێ کۆتایی (کورتە چیرۆک)، وێستگەیەک بۆ تەنیایی (کورتە چیرۆک)، خەمنامەی خاک (کۆمەڵە شێعر)، سێ جیران (چیرۆکە شێعر بۆ منداڵان، وەرگێڕاو لە عەرەبییەوە) هەروەها دوو کتێب بە ناوەکانی "وریا لە کوێی؟" (کۆمەڵە شێعر) و "سیاه و سفید" (کۆمەڵە چیرۆک) لە نووسینی بێهزاد زارع زادە  ناسراو بە "باوکی نیشتمان" و "بازنەی ئاگر" (کۆمەڵە شێعر) لە نووسینی عەلی مەحموودی ناسراو بە "ئاودێر".

لەو ڕێوڕەسمەدا نزیک بە شەشسەد تا حەوتسەد کەس قەڵەمبەدەست و هونەرمەند و خەڵکی ئەدەبدۆست لە شارەکانی سەقز، بۆکان، مەریوان، سنە، سەردەشت، مەهاباد، پیرانشار و ڕەبەت و چەندین شاری دیکەدا بەشدار بوون.

ڕێوڕەسمەکە لە کاتژمێر حەوتی ئێوارە تا دوازدە و نیوی شەو درێژەی کێشا و چەندین کەس لە مامۆستایان  وەکوو "دوکتور شەماڵ"، "ک.د.ئازاد"، "ئەمین گەردیگلانی"، "هێرش بێتووشی" و "سەدیق کەریم‌پوور" لەسەر کتێبە چاپکراوەکان قسەیان کرد و وتاریان پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا لەلایەن "جەلال" و "ماڵە دۆمی" و "عەلی فرووتەن" حەیران و لەلایەن "عادڵ قەسابی" چەند گۆرانی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

هەروەها نووسەری کتێبەکان قسەیان بۆ بەشداران کرد و شێعریان خوێندەوە، بەتایبەت "ک.د.ازاد" لەسەر بارودۆخی خوێندنەوە، خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانەکان، فریوی لاوان و گیرۆدەکردنیان بە مادەی هۆشبەر، ئەرکی شاعیران و نووسەران، کێشەکانی ناو کۆمەڵگە (وەکوو برسیەتی، گیرۆدەبوون، ژینگەپارێزی و فێرکردنی ڕێنووس بە منداڵان لە هەموو ماڵەکان قسەی بۆ بەشداران کرد.

لە کۆتاییدا پەردە لەسەر کتێبەکان لادرا و بە وتاربێژان و ئەندامانی چالاکی ئەنجومەن ڕێزنامە پێشکەش کرا.

"ئەنجومەنی ئەدەبیی بانە" لە کوردستاندا یەکەمین ئەنجومەنی ئەدەبی بووە کە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی و لەلایەن ک.د.ئازادەوە دامەزراوە.