کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەکانی سپای پاسداران لە سووریە چەندین کەس کوژران

11:55 - 17 رەزبەر 2721

بە وتەی سەرچاوەکانی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە، لە هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ ناوەندی ڕاهێنانی دڕۆنەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە پایگای نیزامیی ''تی ٤'' لە پارێزگای ''حەمس'' لە سووریە و هەروەها لە هێرشێکی دڕۆنی بۆ سەر بنکەکانی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە شاری ''ئەبووکەماڵ'' لە پارێزگای ''دەیرەلزوور'' چەندین کەسی سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژران.

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە کە لە ئاکامی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو بنکانە، تەقینەوەی بەهێز ڕووی داوە.

هاوکات هەواڵدەریی فەرمیی ''سانا'' لە سووریە باسی لەوە کردووە کە پەدافەندی ئاسمانیی ئەو وڵاتە  شەوی هەینی ١٧ی ڕەزبەر، ڕووبەڕووی هێرشی ئیسرائیل لە ئاسمانی سووریە بووەتەوە.

ئەو هەواڵدەرییە وتوویەتی، لەو هێرشەدا لانیکەم شەش سەربازی سووری بریندار بوونە.

''یائیر لاپید'' وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە سەردانی مانگی ڕابردووی خۆی بۆ مسکۆ باسی لەوە کردبوو کە هەتا کاتێک ڕێژیمی ئێران لە سووریە حوزووری هەبێت، ئەو وڵاتە سەقامگیر نابێت.

ناوبراو لەو بارەوە وتبووی کە وڵاتەکەی لە بەرامبەر حوزوور و جێگیربوونی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنوورەکانی باکووری خۆی بێدەنگ نابێت.