کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشی ئیسرائیل بۆ بەندەری لازقییە، ٧٥ لەسەد لە چەکوچۆڵی نێردراوی ئێران بۆ سووریە تێک شکێندرا

09:54 - 18 سەرماوەز 2721

بەرپرسانی باڵای ئەمنییەتی ئیسرائیل باسیان لەوە کردووە کە لە هێرشی ئاسمانیی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر بەندەری لازقییە لە سووریە کە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ئەنجام درا، ٧٥ لەسەد لە چەکوچۆلی نێردراوی ڕێژیمی ئێران بۆ سووریە تێک شکێندرا.

ماڵپەڕی ئیسرائیلیی ''والانیوز'' لە زاری بەرپرسێکی ئەمنییەتی کە ناوی نەهێناوە نووسیویەتی، بەو ‌هێرشە بەرگێرەوەیەکی تەواو دژی تاران و ڕێژیمی ''بەشار ئەسەد'' پێک هاتووە.

بە وتەی بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئیسرائیل، بەشێکی گەورە لە چەکوچۆڵی نێردراو لە ئێران بۆ سووریە دروستکراوی خودی ئێران بووە کە بە ئامانجی گەیاندنیان بە چەکدارەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سووریە بارگیری کرابوون.

تێلێڤیزیۆنی سووریە لە یەکەمین کاتژمێرەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٦ی سەرماوەز باسی لەوە کرد کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل کانتینێرەکانیان لە بەندەری لازقییە بۆردومان کردووە.

میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لەوە کردووە کە ئەو بارگەلە بە کەشتییەکی ئێرانی تازە گەیشتبوونە ئەو بەندەرە و پڕ بوون لە چەکوچۆڵ.

بەرپرسانی ئەمنییەتیی ئیسرائیل وتوویانە کە ئێران، ڕاگواستنی چەکوچۆڵ هەم بۆ شەڕ لە سووریە و هەمیش بۆ بەهێزکردنی حیزبوڵلا بۆ ئەگەری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، درێژە پێ دەدات و لە ڕێگاکانی زەوینی و ئاسمانی و دەریایی کەڵک وەردەگرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ''والانیوز'' لە هێرشی ئیسرائیل، چەند جۆری دڕۆن، ڕاکێت، مووشەک و کەرەستەی سیستمی هەوایی و... لەنێو چوون.

ئیسرائیل چەندین ساڵە ڕایدەگەیەنێت کە حوزووری ئێران و گرووپەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە سووریە قەبووڵ ناکات و هەتا ئێستا سەدان جار هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەو ڕێژمە و گرووپەکانی کە زیانێکی زۆری پێ گەیاندوون.